داهاتی هەفتانەی سلێمانی بۆ نیوە کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی هەفتەیەکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بەراورد بە هەفتەی رابردوو بۆ نیوە کەمیکردووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویکردەوە، لە 13-07-2024ـەوە بۆ رۆژی هەینی، 19-07-2024 داهاتی سنوورەکە 9 ملیار و 166 ملیۆن و 954 هەزار و 969 دینار بووە.
بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەیەک پێشووتر و لە 06-07-2024 بۆ 12ـی تەمموز، 18 ملیار و 288 ملیۆن و 918 هەزار و 439 دینار بووە.
ئەو داتایانە تایبەتە بە داهاتە نانەوتییەکان. بە گوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەکە بەراورد بە هەفتەی پێشووتری سنوورەکە، 49.87% کەمیکردووە.
بەپێی ماڵپەڕی شەفافیەت، داهاتی نانەوتیی ئەو سنوورانە لە ساڵی 2023دا زیاتر لە یەک تریلیۆن و 173 ملیار و 996 ملیۆن دینار بووە.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند.
ماڵپەڕی شەفافیەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دروشمەکەی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ـە.