نێچیرڤان بارزانی: ئێران دراوسێیەکی گرنگە و هاوکارییەکانی لەبیر ناکەین

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە بایەخێکی زۆرەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەڕوانێت، ئێرانیش دراوسێیەکی گرنگە و پشتگیرییەکانی ئەو وڵاتە لەکاتە سەختەکاندا لەبیر ناکات. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئێران هەمیشە وەک "دۆست و دراوسێیەک لە هەموو قۆناخەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەستاوە". بۆیە ئێستاش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی دۆستانەی دراوسێیەتی لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش "پێویستییەکی لەپێش و زۆر گرنگە". 
 
هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژوویی، ئابووری، بازرگانی کولتووری و کۆمەڵایەتی هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت "پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە و فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکان لەو بوارانەدا خواستێکی بەردەوامی هەرێمی کوردستانە و هەمیشە کارمان لەسەری کردووە". 
 
لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و رۆڵی "گرنگی" ئێران لەو پێشهاتانە و هاوکێشەکانی ناوچەکە، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەری کێشەکان و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی لەلایەنی ئابووری تاوتوێکران.