سوودانی بۆ جاری چوارەم لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووک کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ جاری چوارەم لەگەڵ پێکهاتەکانى کەرکووک کۆببێتەوە. ئەگەر هەیە کۆبوونەوەکە بخرێتە دواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا.
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو لە چەند سەرچاوەیەکى ئاگادارى دانوستاندنى نێوان لایەنەکانى کەرکووکەوە دەستیکەوتووە، بڕیارە دواى کۆتایی جەژنى قوربان ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنەکانى کەرکووک هەیە بۆ ئەوەى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکرێت بەر لەوەى پۆستەکانى حکومەتى خۆجێیی یەکلابکرێتەوە.
پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەگەرى ئەو کۆبوونەوەیەی سەرۆکوەزیران هەیە، لەوانەیە کۆبووونەوەکە بکەوێتە دواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەن بۆ ئەوەى سەرۆکوەزیران بزانێت لایەنەکان گەیشتوون بە چ رێککەوتنێک.
دوایین کۆبوونەوەى سوودانى لەگەڵ نوێنەرى پێکهاتەکانى کەرکووک لە 29ى ئایار بوو. سوودانی دوو هەفتە مۆڵەتى پێدان بۆ ئەوەى بگەنە رێککەوتنى کۆتایی کە لە 14ى حوزیران بوو، بەڵام لایەنەکان لەو وادەیەدا نەگەیشتنە رێککەوتن.
ئەحمەد رەمزى کۆبرلو، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بیرۆکەى چوارەم کۆبوونەوەى سەرۆکوەزیران لەگەڵ نوێنەرى پێکهاتەکان لەسەر ئەو بنەمایەیە، ئەو وادەیە کۆتایی هات کە بۆ رێککەتنى لایەنەکان دیاریکردبوو.
بەگوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بووە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار. کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە نۆ ئەندامە.
کۆنەبوونەوەی ئەنجوومەن بەهۆى ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی رێکنەکەوتوون، لەکاتێکدا نزیکترین پێشنیاز بۆ رێککەوتن ئەوەیە پۆستى پارێزگار بە نۆرە بێت لە نێوان کورد و عەرەب بەشێوەیەک هەر دووساڵە و پۆستەکە بەدەست بەکێک لەو دوو پێکهاتەیە بێت.
تورهان موفتى، راوێژکارى سەرۆکوەزیران بە میدیاى فەرمى عێراقى راگەیاندووە، دوو پێشنیاز هەن بۆ حکومەتى خۆجێیی کەرکووک، یان پۆستى پارێزگار بە نۆرە بێت و پۆستەکانى دیکەیش دەکرێت جێگیربکرێن جگە لە سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، پێشنیازى دووەمیش ئەوەیە پۆستى پارێزگار لەلایەن دوو فراکسیۆنەوە بە نۆرە بەڕێوەببرێت و پۆستەکانى دیکە بدرێتە لایەنە براوەکانى دیکە.