ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەی ئیتاڵیا شیوەنی گەیاندە قەڵادزێ؛ 'براکەم گوتی تەنیا خۆم ماوم'

رووداو دیجیتاڵ

لە قەڵادزێ-ی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، پرسەی منداڵەکانی ئارام عەبدولڕەحمان لەگەڵ خونچە مەلانەبی هاوژینی بەڕێوەچوو. تەرمەکەیان لەنێو ئاوەکانی دەریای ناوەڕاستدابوو، بەڵام شیوەنی کەسوکارییان لە قەڵادزێ بوو.
 
ئارام عەبدولڕەحمان یەکێک لە کچەکانی تەمەنی شەش ساڵ بوو، ئەوی دیکە تەمەنی تەنیا نۆ ساڵ بوو هەردووکیان لەگەڵ دایکیان لە رووداوەکە گیانیان لەدەستدا. 
 
مستەفا حەمە، مامی ئارامە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕە پورێکمان لەبەریتانیاوە چووە بۆ ئیتاڵیا لەنەخۆشخانەکە قسەی لەگەڵ رزگاربووەکان کردووە،دڵنیابووینەوە کە هەرچواریان خنکاون."
 
لە بەلەمە نقومبووەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا، سێ هاونیشتمانیی چوارقوڕنەشی تێدابوو. حەمەدەمین موسا چیرۆکی رزگاربوونی براکەی و بێ سەروشوێنبوونی براژن و برازاکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "قاچاخچیەکە درۆی لەگەڵ دەکردین، هەرجارە و شتێکی دەگوت، دواتر زانیمان ئەوانەی ئێمەش لەو بەلەمەدان ژێرئاوکەتووە، رۆژێک دوای رووداوەکە براکەم لەرێگەی وەتسئەپ  پەیوەندی کرد گوتی تەنیا خۆم ماوم."
 
ئەو بەلەمەی لە بۆدروومی تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو، 76 کەسی هەڵگرتبوو، دواتر بەهۆی تەقینەوەی بزوێنەرەکەی و ژێرئاوکەوتنی، 64 کەسیان گیان لەدەست داوە کە زۆرینەیان کوردن و 13 کەسیان دانیشتووی ئیدارەی راپەڕینن.