بەڕێوەبەری سامانی ماسی: بەرهەمی ناوخۆی ماسی 60%ـی بازاڕ پڕدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەرهەمی ناوخۆی ماسی 60%ـی بازاڕ پڕ دەکاتەوە و ئەوی دیکەی لە رێگەی هاودەکردنەوە دابین دەکرێت.
لە 2022/06/16ـەوە دەست کراوە، بە راوەماسی بە مەرجی ئەوەی کاریگەریی خراپی لەسەر ماسیی ناو بەنداوەکان نەبێت. نابێت کارەبا، ماددەی ژەهراوی و تەقەمەنی بەکاربهێنرێت. سیروان سەعید محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: بەرهەمی ناوخۆی ماسی لە دوو رێگەوە دابین دەکرێت کە ئەوانیش راوەماسی و حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسین کە ئەوانەیش نزیکەی 60%ـی پێویستیی بازاڕ پێکدەهێنن. بۆ پڕکردنەوەی بازاڕیش بە مەرج و رێنوینیی تایبەت رێگە بە هاوردەی ماسی دەدەین.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە دا، هاوردەکردنی ماسی تاوەکو 2022/05/25 قەدەخە بوو، ئەوەیش لەبەر نەخۆشیی ڤایرۆسی لە ئێران و ناوەڕاست و باشووری عێراق لەناو ماسییەکاندا.
سیروان سەعید محەممەد ئەوەی خستەڕوو، لە دوای ئەو رێککەوتەوە بەپێی راپۆرتی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و حکومەتی ئێران کە باس لەوە دەکەن ئەو نەخۆشییە لەناو ماسیدا نەماوە، ئەمانیش رێگەیان بە هاوردەکردن داوەتەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری سامانی ماسی، لە هەرێمی کوردستان 406 پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەن کە مۆڵەتی یاساییان هەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی بێمۆڵەتیش هەن کە زانیارییەکانیان لای حکومەت نین.
لە ماوەی رابردوودا، نرخی ماسی لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبوو و هۆکارەکەیش بۆ کەمبوونەوەی ئەو بەرهەمە دەگەڕێنرایەوە.
سیروان سەعید محەممەد گوتی: بڕوا ناکەم نرخی ماسی بۆ وەک پێش گرانبوونی داببەزێتەوە، چونکە لە ئێران پێشتر کیلۆیەک ماسیی کارب بە 2000 دینار بوو، بەڵام ئێستا لە پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی لە ئێران نرخی کیلۆیەک ماسیی کارب 6000 دینارە. بۆیە ئەگەر هاوردەیش بکرێت هەر ناگاتەوە ئەو نرخەی پێشوو.