عێراق پێشنیازی کردووە 650 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرێت و هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێشنیازی کردووە 650 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان رەتیکردووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "قسە هەیە لەسەر بنەمای بڕشت گەنممان وەربگیرێت، ئەگەر وابێت دەبێت زیاتر لە ملیۆن و نیوێک تۆن گەنممان لێ وەربگرن."
 
کاتی دروێنەکردنی گەنمە و تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراق سایلۆکانی بەڕووی گەنمی هەرێمی کوردستاندا نەکردووەتەوە. ئەمشەو وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و سبەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران تاوتوێ دەکات.
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان یەکشەممە 19ی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کردنەوەی سایلۆکان لەدەستی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدایە، ئەمشەو شاندێکمان دەچێتە بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێی وەرگرتنی گەنم."
 
شاندەکەی هەرێمی کوردستان بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو سەرۆکایەتی دەکات و شاندێکی تەکنیکی لەگەڵدا دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، "سبەی تیمی تەکنیکی هەردوولا بە سەرپەرشتی وەزیرانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆدەبنەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن."
 
سەردانەکەی بێگەرد تاڵەبانی دەبێتە سێیەم سەردانی لە سێ هەفتەی لەسەر یەک بۆ بەغدا. هیوا عەلی گوتی، "ئامانج پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانە، جگە لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق، لەگەڵ لیژنەی 57ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش بە هەمان ئامانج کۆدەبێتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی عێراق ئەم ساڵیش تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرناگرێت و گوتی، "ئەوان وەرگرتنی 650 هەزار تۆن گەنمیان بۆ پێشنیاز کردین و رەتمانکردەوە، چونکە تەواوی گەنمی پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەردەگرن."
 
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دیناری دەدایە جووتیاران، بەڵام بەرهەمی گەنمی جووتیاران "زۆر لەوە زیاتر بوو"، ئەوەی مایەوە، جووتیاران ناچاربوون لە بازاڕەکاندا بە نرخی کەمتر ساخی بکەنەوە.
 
ئێستا گفتوگۆیەکی دیکە لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئەویش لەسەر بنەمای بڕشتی گەنمەکەیە. هیوا عەلی دەڵێت، "پێشنیازێک هەیە بۆ بڕشتی هەر دۆنمێک کە (غیلە)ـی پێ دەڵێن 600 کیلۆ و کەمێک زیاتر دابنرێت، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە بکرێت دەبێت زیاتر لە ملیۆن و نیوێک تۆنمان لێ وەربگرن، بەڵام قسەیە و نەچەسپاوە."
 
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رووپێوییەکدا ژمارەی دۆنمە بە دانەوێڵە چێندراوەکانی دیاریکرد. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە بۆ رووداو، زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی بە دانەوێڵە چێندراوە کە 2 ملیۆن و 955 هەزار و 376 دۆنمی بە گەنم چێندراوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "گفتوگۆ ماوە؛ حکومەتی عێراق زۆر پێداگرە لەوەی نەگەینە ئەو ئەنجامەی ئێمە دەمانەوێت؛ ئەوان دەیانەوێت لەسەر رێژە رێککەوتن بکرێت و زیاتریشی بکەن، ئێمە دەمانەوێت بە جۆرێک بێت لە بەرژەوەندیی جووتیاران کۆتایی پێبێت."
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 سایلۆ ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم
 
هێشتا وەرگرتنی گەنم لە هیچ سایلۆیەکی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووە، بەڵام زیاتر لە 10 سایلۆ ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنم و چاوەڕێی فەرمانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەکەن.
 
لە پارێزگای سلێمانی سایلۆکانی پیرەمەگروون، چەمچەماڵ، سەیدسادق و راپەڕین هەن. جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری پارێزگاکە تەنیا لە گەرمیان دروێنە دەستیپێکردووە و جارێ ناوچەکانی دیکە ماون."
 
لە گەرمیان جووتیاران داوای کردنەوەی سایلۆ دەکەن. جووتیار خالید گوتی، "سایلۆیەک لە گەرمیان هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ستافەوە ئەمساڵ گەنم وەرناگرێت و جووتیارانی سنوورە دەبێت گەنمەکانیان بدەنە سایلۆکانی دیکە."
 
هەروەها ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەرهەمی ئەم ساڵمان کە ئامادە ببێت بۆ سایلۆکان 400 هەزار تۆن دەبێت؛ بەڵام بەگشتی بەرهەممان لەنێوان 550 هەزار بۆ 600 هەزار تۆن دەبێت."
 
بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگای دهۆک سێ سایلۆ لە سنوورەکە ئامادەن. ئەحمەد جەمیل دەڵێت، "سایلۆی چوارەمیش ئامادەیە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەغدا کۆدی پێنەداوە، چونکە بۆ وەرگرتنی گەنم دەبێت بەغدا کۆد بە سایلۆکان بدات."
 
ساڵی رابردوو 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022 بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
 
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لە مێژووی ئەو وڵاتە.
 
بۆ کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی جووتیاران، حکومەتی عێراق 850 هەزار دیناری داناوە، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، عێراق سەرجەم گەنمی جووتیاران بکڕێتەوە.