پارتی بە زنجیرەیەک سەردان ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەک زەوینەسازییەک بۆ کۆبوونەوەی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، ئەمڕۆ شاندێکی پارتی سەردانی چەند لایەنێکی سیاسی لە شاری هەولێر کرد.
رۆژی هەینی، 19ـی ئایاری 2023، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتی دەکرد؛ زنجیرەک سەردانیان بۆلای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. شاندەکە وێڕای هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنەکان بۆ کۆبوونەوەیەکی گشتی، باسیان لە دۆخی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن کرد.
یەکەم سەردانی شاندەکە بۆ لای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بوو کە لەلایەن سەرۆکی حیزبەکەوە پێشوازییان لێکرا؛ دواتر سەردانی حیزبی شیوعی، پاشان یەکگرتووی ئیسلامی و دواتریش سەردانی پێکهاتەکانی ئاشووری و تورکمانیان کرد.
عەلی باپیر: تەبایی دادگەری دەوێت
دوای کۆبوونەوەکەی شاندی پارتی و کۆمەڵی دادگەری، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بە رۆژنامەڤانانی گوت، "گومانی تێدا نییە هیچ شتێک بێ هاوئاهەنگی و تەبایی نابێ، بەڵام هاوئاهەنگی و تەبایی پێویستی بە بناخەیەکە کە بریتییە لە دادگەری".
هەروەها عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و بەشدار لە کۆبوونەوەکە گوتی، کۆبوونەوەکە "ئاسایی و دۆستانە" بووە و باسی هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لایان کردووە. گوتیشی، کۆمەڵ لە سەرەتا و ئێستاش دژی دواخستنی هەڵبژاردنە.
شیوعی: دوای پەیامی کاک مەسعود کەشێک دروستبووە لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە
شاندەکەی پارتی دووەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ حیزبی شیوعیی کوردستان بوو. هەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئێمە پێشتریش گوتوومانە پێویستمان بە گفتوگۆیەکی نیشتمانییە؛ دوای پەیامەکەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و کۆبوونەوەکانیان کەشێک دروستبووە کە هەموو لایەنەکان پێکەوە کۆببنەوە؛ هەموو لایەنە ساسییەکان پێکەوە کار بۆ لابردنی هەموو ئەو مەترسییانە بکەن کە روو دەکەنە هەرێمی کوردستان".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی باسی لەوەشکرد کە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبوون، نە لە رابردوو و نە ئێستاش. لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیشەوە گوتی، "دەبێ کۆمیسیۆن جێگەی متمانەی هەموو لایەنە سیاسییەکان بێت، نەوەک بەمشێوەیەی ئێستا کە کۆمەڵێک لایەنی سیاسی پێکەوە لەسەری رێککەوتوون".
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیاندا شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لەگەڵ شاندێکی ئەو حیزبە کۆبوونەوە؛ لەو کۆبوونەوەیەشدا باسی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا.
بەرەی تورکمانی: دەمانەوێت هەڵبژاردنی پێکهاتەکان یەک بازنەیی بێت
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکانیشدا کۆبوونەوە و سەردانی هەریەکە لە بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و بەرەی تورکمانییان کرد.
لەبارەی کۆبوونەوەکەیان، ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق، بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداوی گوت، جەختیان کردووەتەوە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.
لەبارەی پرسی کۆتاکانەوە کە سەرەکترین ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتییە بۆ هەڵبژاردن، ئایدن مەعرووف گوتی، ئەوان داواکارن نەکرێنە هۆکاری کێشە لەنێوان لایەنەکاندا. گوتیشی، لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان و یونامی کۆوونەتەوە و بۆچوونیان ئەوەیە کە هەڵبژاردنی پێکهاتەکان یەک بازنە بێت و دابەشی سەر بازنەکانی دیکە نەکرێت.
کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی شاندی پارتی و لایەنە سیاسییەکان لەکاتێکدایە، دوای ساردوسڕیی چەند مانگەی نێوانیان، رۆژی 16ـی ئایار شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
بڕیارە سەردانی شاندی پارتی بۆلای لایەنەکان بەردەوام بێت؛ سەردانەکانیش لەژێر رۆشنایی پەیامەکەی 11ـی ئایاری سەرۆک مەسعود بارزانیدان، کاتێک لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە گوتارێکدا رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە؛ داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە؛ بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."