نما و چیا نەوشیروان مستەفا: بە پاشەكشەی گۆڕان دۆخی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان خراپتر بووە
رووداو دیجیتاڵ
نما و چیا نەوشیروان مستەفا لە ساڵیادی کۆچی دوایی باوکیاندا داوای خۆڕێکخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن و دەڵێن، "بە پاشەكشەی گۆڕان دۆخی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان خراپتر بووە."
نما و چیا نەوشیروان مستەفا لە یادی شەش ساڵەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕاندا پەیامێکیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، "هەمووان گەواهیدەری ئەو راستییە تاڵەن کە لەم شەش ساڵەدا ژیانی خەڵک و دۆخی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپتر بووە. لە هەمان کاتدا بزووتنەوەی گۆڕان پاشەکشەی کردووە."
وەک نما و چیا نەوشیروان مستەفا دەڵێن، "بە دەرفەتی دەزانین لە دڵەوە داوای لێبوردن لە گەلی خۆنەویست و قوربانیدەری خۆمان بکەین لەوەی بەهۆی ئێمەوە بە بچووکترین شێوە دڵیان شکا بێت. هەروەک داوای لێبوورن لە رۆحی پاکی باوکمان دەکەین لە هەر هەڵەیەک ئەگەر ئەنجاممان دابێت."
لە پەیامەکەیاندا کوڕانی نەوشیروان مستەفا چوار پێشنیازییان خستووەتەڕوو و داوای ئاشتەوای و خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان دەکەن.
بەگوتەی نما و چیا نەوشیروان مستەفا، "لە غیابی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا و پاشەكشێی بزووتنەوەی گۆڕاندا دۆخی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییان خراپتر بووە نەک باشتر."
لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، نما و چیا نەوشیروان مستەفا پێیانوایە، "چاوەڕوانی هاووڵاتییان و گۆڕانخوازان دەخوازێت لەنێو خۆماندا لێبووردەیی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بکەین بە دوو کۆڵەکەی سەرەکی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکان لە هەنگاوەکانی داهاتوودا."
دەقی پەیامەکە
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
هاوڵاتیان و گۆڕانخوازانی بەڕێز،
لە کاتێکدا ئەمڕۆ شەشەمین ساڵیادی کۆچی رەوانشاد نەوشیروان مستەفایە، هەموان گەواهیدەری ئەو راستیە تاڵەن کە لەم شەش ساڵەدا ژیانی خەڵک و دۆخی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان زۆر خراپتر بووە. لە هەمان کاتدا بزوتنەوەی گۆڕان پاشەکشەی کردوە.
لەم بۆنە خەمناکەدا، دور لە زمانی خۆدزینەوە و پەردەپۆشکردنی کەموکوڕییەکان، بە نەنگی نازانین ئێمە دەستپێشخەربین و یەکەم کەس بین لە پێش میللەتی سەربەرزی خۆماندا، دان بەم راستیەدا بنێین: بەڵێ، لە دوای کۆچی دوای باوکمان لە چەند ئاستێکدا کۆمەڵێک هەڵەی شوێندانەر بەسەر هەموماندا تێپەڕی. ئەمەش یەکێكە لە وانەکانی ژیانی رەوانشاد کە بەبێ پاکانە دانی بە هەڵەکاندا دەنا و تەواوی ژیانی تێکۆشان بو بۆ رێگری لە دوبارە بونەوەیان و راستکردنەوەیان. لە باوکمان فێربوین ئێمە وەک کوڕی ئەم میللەتە هەمیشە لەگەڵتان راشکاو بین و هەرگیز خۆمان لە ئێوە جیانەکەینەوە.
ئەو هەڵانە هۆکار بون کە گۆڕانخوازان و دەنگدەرانی هوشیاری بزوتنەوەی گۆڕان، سزایەکی راست و رەوای بزوتنەوەکەمان بدەن تاکو خۆی رێکبخاتەوە و جارێکی دیکە ببێتەوە بە قەڵا و قەڵغانی خەڵکی کوردستان.
ئێمە مسقاڵە زەڕەیەک شکمان نیە ئەگەر رەوانشاد لە ژیاندا بمایە ژیانی خەڵک، خەبات و کاروانی گۆڕان و گۆڕانخوازی و ژیانی رێکخراوەی بزوتنەوەکە بۆ ساتێك لە هاوڵاتیان و شەقام دانەئەبڕا و ترپەی دڵی لەگەڵ ترپەی دڵی خەڵک ئەبو.
لەم رۆژەدا ئێمە کوڕانی نەوشیروان مستەفا، بە دەرفەتی ئەزانین لە دڵەوە داوای لێبوردن لە گەلی خۆنەویست و قوربانیدەری خۆمان بکەین لەوەی بەهۆی ئێمەوە بە بچوکترین شێوە دڵیان شکا بێت. هەروەک داوای لێبورن لە رۆحی پاکی باوکمان دەکەین لە هەر هەڵەیەک گەر ئەنجاممان دابێت.
لە هەمان کاتدا وەک چۆن هەر هەڵسوڕاوێک بەپێی دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەکە مافی خستەڕوی را و پیشنیازی هەیە، ئێمە ئەم پێشنیازانە دەخەینەڕو:
1. هەرچی زوە بە کردار نەک تەنیا گوفتار، ئاشتەوای و خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان کە بڕیاری هەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتیە سەرپێ بخرێت. هەمو هاوڕێکانی دە ساڵ کاری گۆڕانخوازی بەسەر بکرێنەوە و راستەوخۆ داوایان لێبکرێت بگەڕێنەوە ناو بزوتنەوەکەی خۆیان.
ئێمە پێشتر وتومانە زۆرینەی گۆڕانخوازان لە ئێستادا نیگەرانن لە شێوازی بڕیاردان و بەڕێوەبردنی گۆڕان. لەسەر ئەم بنەما هەر هەنگاوێک بەبێ بەشداری و رەزامەندی زۆرینەی هەڵسوڕاو دەنگدەران بدرێت هەڵەیەکی ترە بە ئاراستەی لاوازتر بونی گۆڕان و نابێ رێگەی پێبدەین.
وای دەبینین بۆ ئەم کارە هەمو ئەو برادەرانەی ئێستا گۆڕان ئەبەن بەڕێوە بەرپرسیارێتی یەکەمیان لە ئەستۆیە تاکو وەک دامەزراوەکانی سەرکردایەتی بڕیاری خۆیان بۆ خۆڕێکخستنەوە و ئاشتەوایی بگەیەنن بە ئەنجام.
2. پێویستیەکانی ئەم قۆناغەی گۆڕان و خواستی گۆڕانخوازان ئەخوازێ کە جڤاتی نیشتیمانی لیژنەیەکی کاتی پێکبهێنێت لەو هاوڕێیانەی لە ئێستادا لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوامن، بەشێک لە تیمی حکومەت و هەڵسوڕاوە دیار و بە توانا و دڵسۆزانەی کە جێگەی رەزامەندی هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەن لە ئێستادا کار ناکەن.
ئەم لیژنە دەسەڵاتی تەواوی ئەبێت تاکو لەگەڵ دامەزراوەکان، بە تایبەت جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی، بۆ بڕیاردان و بەڕێوەبردنی ژیانی رێکخراوەیی و سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ: بڕیاردان لە پرسی بونی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم، پەرلەمان و حکومەتە خۆجێیەکان، کۆنفرانسی نیشتیمانی، سیاسەتی میدیایی و دارایی، پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی و هەڵبژاردنی داهاتو. بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش، ئێمە نەخشەڕێگای کارکردنمان لەو نامەیەدا پێشنیارکردوە کە چەند مانگێک پێش ئێستا لە لیژنەی ئامادەکاری کۆنفرانس و هەر دو جڤاتەکەدا خوێنرایەوە.
3. ئێمە پێمانوایە مادام ئامانجمان ئەوەیە هەنگاوی بوێرانە بۆ بەهێزکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بنێین، ئەم ئامانجە هێندە پیرۆزە، شایەنی هەمو قوربانیدانێکە. دەخوازێت پێش هەر کەس ئێمە کوڕانی نەوشیروان مستەفا، ئینجا ئەو هاوڕێ بەرێزانەی ئێستا گۆڕان بەڕێوە دەبەن، هاورێیانی بەرێزی حکومەتی هەرێم پشتیوان و پابەند بڕیارەکان بن کە لە خاڵی دوەمدا باس کراوە.
ئەو کات هەمومان پێکەوە بە یەکدەنگی داوا لە هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان بکەین دەرفەت بدەن بە ئەو هاوڕێیانەی لە قۆناغی داهاتودا ئەرکی بزوتنەوەکە دەگرنە ئەستۆ، پێکەوە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکەین. چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوون بویەوە كە لە غیابی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و پاشەكشی بزووتنەوەی گۆڕاندا دۆخی هەرێم و هاوڵاتیان خراپتر بووە نەك باشتر.
4. ئێمە پێمانوایە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، چاوەڕوانی هاوڵاتیان و گۆڕانخوازان دەخوازێت لە نێو خۆماندا لێبوردەیی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بکەین بە دو کۆڵەکەی سەرەکی چارەسەری کێشە و ناکۆکیەکان لە هەنگاوەکانی داهاتودا. بیرکردنەوە لە یەکتر گوشین و تۆڵەکردنەوە و خۆ خۆری، لە رابردودا زیانی گەورەی لە میللەتەکەمانداوە، با ئێمە خاڵێک بۆ ئەم نەریتە ژەهراویە دابنێین.
لەم سۆنگەیەوە رو دەکەینەوە هەڵسوڕاوە دیار و دڵسۆزەکان کە لە ئێستادا لە ماڵی خۆیاندان و پێیان ئەڵێین: ئەگەر تا دوێنێ هاوڕێیان لە گردەکە بەرپرسیار بوبن، لە ئەمڕۆوە حەقە ئێوەش شان بدەنە بەر ئەرکی ئەم قۆناغە و چیدی تەماشاکەر مەبن. بەڵکو لە نزیکەوە چالاک و دەستپێشخەر و هاندەربن بۆ سەرپێخستنەوەی پرۆسەی ئاشتەوایی و داڕاشتن و جێبەجێکردنی شێوازی کاری داهاتو و بەهێزکردنەوەی بزوتنەوەکەو گێڕانەوەی هیوا بۆ میللەتەکەمان
جارێکی دیکە و رۆشن و رەوان دڵنیایی تەواو دەدەین و سورین لەسەر ئەوەی کە بڕیاری باوکمان ئەوەیە کە گردی زەرگەتە تا ئەو کاتەوەی گۆڕان لە بەرەی گەلدا بێت و قەڵای گۆڕانخوازان بێت، هیچ کەس مافی ئەوەی نیە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت. ئەزمونی شەش ساڵی رابردو ئەم راستیەی سەلماند و بۆ داهاتوش هەر وا ئەبێت.
پلان و خواستی باوکمان ئەوە بو لە گردەکە کۆمەڵێک دامەزراوەی رۆشنبیری و توێژینەوە و پەروەردەیی تێدا جێبەجێ بکات بۆ پێگەیاندنی نەوەکانی ئایندە. کات دەرفەتی نەدا ئەم ئاواتە بکات بە ئامانج. ئێمە کوڕانی نەوشیروان مستەفا بە پلەی یەکەم جێبەجێکردنی ئەم خواستەی باوکمان بە ئەرکی خۆمان دەزانین و ماوەیەکە کاری بۆ ئەکەین و بە هیمەت و پشتیوانی دڵسۆزانی رەوانشاد ئەگەیەنین بە ئامانج.
ماوەتەوە بڵێین، سەرەڕای بونی هەر جیاوازییەک لە رابردو بە چاوی رێزەوە لە هەوڵ و ماندوبونی کۆی هاوڕێکانی باوکمان، بە تێکۆشەر و گەنجەکانەوە، تەواوی هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڕوانین.
هەمو هەوڵی ئێمە بۆ کاری پێکەوەی و گێڕانەوەی متمانە و بەهێزکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و ئومێدە بۆ میللەتەکەمان. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە داوا ئەکەین هەموان ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن. ئێمەش دەرگای دڵ و ماڵ و دەستمان کراوەیە بۆ هەموان و ئامادەین بۆ هەموو پشتیوان و ئەرکێک بە ئێمە جێبەجێ بکرێ.
نما نەوشیروان مستەفا
چیا نەوشیروان مستەفا