لە کرماشان جووتیارێک بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، جووتیارێکی تەمەن 30 ساڵ لەکاتی ئاوداندا بە هەورەبرووسکە گیانی لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 19-05-2023، سەدروڵڵا بابلی، قایمقامی سەرپێڵی زەهاو بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەمڕۆ بنکەی تەندروستیی سەرپێڵی زەهاو ئاگادارکرایەوە کە کەسێک لەنێو زەوییەکی کشتوکاڵیدا گیانی لەدەستداوە.
سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە گوتەی قایمقامی شارەکە، دوای ئەوەی تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس گەیشتوونەتە گوندی قەراوێز، بۆیان دەردەکەوێت ئەو جووتیارە گەنجە لەکاتی ئاودانی زەوییەکانی هەورەبروسکە لێیداوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
سەدروڵڵا بابلی گوتی، جووتیارەکە تەمەنی 30 ساڵە و دانیشتووی گوندی قەڕاوێزە، بەپێی راپۆرتی پزیشکی؛ دەرکەوتووە درەنگانی شەوی رابردوو تووشی ئەم رووداوە هاتووە و بەیانیی ئەمڕۆ کاتێک جووتیارانی دیکە ویستوویانە بچنە سەر زەوییەکانیان، تەرمەکەیان بینیوە و پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە.
شاری سەرپێڵی زەهاو دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کرماشان و ژمارەی دانیشتووانی 90 هەزار کەسە و لە هەشت ناحیە و 226 گوند پێکهاتووە. سەرپێڵی زەهاو بە درێژایی 48 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ باشووری کوردستان هەیە.