شاندێکی عێراقی بۆ بەبەڵگەکردنی تاوانەکانی رژێمی بەعس لە زاخۆن


رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی ناوەندی عێراقی بۆ بەبەڵگەکردنی تاوان و تووندوتیژی بە مەبەستی کۆکردنەوەی تاوانەکانی حکومەتی بەعس بەرامبەر هەرێمی کوردستان سەردانی گوندی تیکای زاخۆیان کردووە.
 
عادل حەسەن رەشید، شارەزای بواری ناساندنی جینۆساید و ئەندامی ناوەندی عێراقی بۆ بەبەڵگەکردنی تاوان و تووندوتیژی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەو شاندە کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان سەردانی چەندین زانکۆ و ئەو ناوچانەیان کردووە کە ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنفال کراون."
 
لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لە گوندی تیکای زاخۆ 14 هاونیشتمانی بە دەستی سوپای عێراق شەهیدکراون.
 
ئەندامەکەی ناوەندی عێراقی بۆ بەبەڵگەکردنی تاوان و تووندوتیژی گوتی: "ئێستا لە تاوانەکەی ئەو گوندە دەکۆڵرێتەوە و کەسوکاری شەهیدەکان دەدوێنرێن بۆ ئەوەی بزانرێت تاوانەکە چ کاریگەرییەکی دەروونیی لەسەر داناون."
 
بە گوتەی عادل حەسەن رەشید، شاندەکە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی کارەکەی بکات و، دوای لێکۆڵینەوەکەی ئەنجامەکە بۆ رای گشتی و شەقامی عێراقی دەخاتەڕوو. 
 
ئەندامەکەی ناوەندی عێراقی بۆ بەبەڵگەکردنی تاوان و تووندوتیژی ئاشكرای کرد، پێشنیاز کراوە لە عێراق کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر جینۆساید ساز بکەن و لە فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەیش کۆنفرانس ساز بکەن.