خوێنەران لە پێشانگەی کتێب لەسەر چ پێوەرێک بابەتەکان هەڵدەبژێرن؟

رووداو دیجیتاڵ 

لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، سیمایەکی دیار ئەوەیە، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە چۆن بە چەند چرکەیەک سەرنجی خوێنەران بەلای خۆیداندا رادەکێشن و خوێنەرانیش بەدوای ناونیشان و رووکەشی سەرنجڕاکێشی کتێبەکاندا دەگەڕێن. 
 
سەبری روخ فروز، شەش ساڵە کاری بەبازاڕکردنی کتێبە، پەرتووکێکی بەدەستەوەیە و باسی نێوەڕۆکەکەی دەکات. کتێبێک کە لەسەر کۆڵەگەی راکێشانی سەرنجی کڕیار نووسراوە، بۆ ئەوەی گەشە بە بەرهەم و کاڵاکانی بدات. دوو خولەک لەلای بیت، بەسە بۆ ئەوەی کڕیاری کتێبەکانی بیت.
 
سەبری دەڵێت: "کاری یەکەمی هەموو کەسێکی فرۆشیار بە بازاڕکردنێکی باش و شرۆڤەی ئەو کاڵایەیە کە تۆ دەیفرۆشیت، من کە کڕیار پرسیاری کرد، دەبێت وەڵامێکی روونم بۆی هەبێت، شارەزای باشم لە کارەکەم هەبێت. بەجۆرێک کڕیارەکە بڕوام پێبکات و کاڵاکەم بکرێت." 
 
چۆنیەتی نمایشکردن، رازاندنەوەی شوێنی فرۆشتن، پوختەیەک لەبارەی نێوەرۆکی کتێب، فۆنتێکی روون و پەڕاوێکی باش، خاڵی گرنگی کڕینن لای سەردانیکارانی پێشانگا.
 
عوسمان محەممەد، مامۆستای ئایینییە و دەڵێت: "زۆر گرنگی بە فۆنت و خەتەکەی دەدەم کە لام خۆش بوو ئەوە دوو دڵ نابم لە کڕینی." 
 
د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، کۆمەڵناس باسی رووکەش و نێوەڕۆکی کتێب دەکات: "دیزاینی بەرگی کتێب، نێوەڕۆکێکی پوخت و مانادار، زۆر جار کتێب هەیە نێوەڕۆکەکەی باشە، بەڵام، ناونیشانێکی وای هەیە کەس ناچێت بەلایەوە. ئەمانە و چەندین هۆکاری دیکە هەن." 
 
پەرژین جەعفەر مامۆستایە و دەڵێت: "مارکێتینگ تا بڵێی گرنگە بۆ منی کڕیاری کتێب، لێرە ژمارەی وەشانخانە و کتێب زۆرن. ئەوە ناونیشانە بڕیار دەدات تۆ بەم خێراییە کامە کتێب بکڕیت." 
 
دەزگای مەدا بۆ رۆشنبیری و راگەیاندن بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب دەکاتەوە، بۆ ئەم ساڵ 30٪ بۆ  50٪ داشکاندن بۆ زۆربەی کتێبەکان کراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی 
سەردانیکاران بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر بێت.
 
پێشانگەکە تاوەکو 27ـی ئەم مانگە رۆژانە لە کاژێر 10:00 بۆ 08:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت. زیاتر لە 300 دەزگەی چاپ و ناوەندی پەخش لە 22 وڵاتەوە تێیدا بەشدارن و ملیۆنێک و 500 هەزار ناونشانی کتێب خراونەتە بەر دەستی خوێنەران.