دۆگلاس سیلیمان بۆ رووداو: لایەنە کوردستانییەکان دەبێ لە بەغدا هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێ

رووداو دیجیتاڵ
 
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق پێیوایە ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە چەند ساڵێک لەمەوبەر زیاتر بووە. ئەو دەڵێت، بۆ ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان خاوەنی رۆڵی بەهێزتر بن لە بەغدا، دەبێ لەوێ هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت.
 
دۆگلاس سیلیمان کە لە 2016 بۆ 2019 باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئەم قسانەی کرد.
 
سیلیمان ئاماژە بە هەوڵەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەدات و دەڵێت، سوودانی وەکو ئەوە وایە بەسەر دیوارێکدا بڕوات و لەملاولای دیوارەکەوە رایبکێشن، لایەک بەلای ئێران و لایەکەی دیکە بەلای ئەمریکا و وڵاتانی گەشەسەندوو، "بەڵام ئێمە ئومێدەوارین زیاتر بەلای رۆژئاوا و گەشەی ئابوورییدا لاربێتەوە".
 

 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز باڵیۆز کە دووبارە لەگەڵ رووداو دەتبینینەوە. دۆخی ئێستای عێراق چۆن دەبینی؟ بەراورد بەو کاتەی لەوێ بووی، چی گۆڕدراوە؟
 
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق: زۆر دڵخۆشم کە سەرۆکوەزیران سوودانی هەوڵی داوە هەندێ لەو بەڵێنانەی لە کاتی هەڵبژاردن دابوونی، جێبەجێیان بکات بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ  خەڵکی عێراق باشتر بکات. پێم وایە ئەوە یەکێکە لە ئامانجە سیاسییە هەرە گرنگەکان. هەندێ پرسی دیکە هەن کە بە لامەوە گرنگن و دەزانم حکومەتیش خەریکە کاریان لەسەر دەکات، [لەوانەش] پێویستە هەلی کاری زیاتر بۆ عێراقییە گەنجەکان بڕەخسێندرێت؛ هەروەها برەودان بە کەرتی تایبەت شتێکە حکومەت کاری لەسەر دەکات، پێویستە ئەوە چاکسازیی دارایی و کەرتێکی بەهێزتری بانکیشی لەگەڵ بێت. خۆشحاڵم کە بینیم وەزیری دارایی لەگەڵ سەرۆکوەزیران لێرە لە واشنتنە. بە راشکاوی، من نیگەرانی هەندێ لە گرووپە چەکدارەکانم کە دەتوانن لە دەرەوەی سنووری عێراق هێز بەکاربێنن بێ مۆڵەتی حکومەتی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە سەرۆکوەزیرانە. ئەمانە ئەو پرسانەن کە بە بڕوای من، لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیراندا هەڵوەستەیان لەسەر کراوە. بەرەوپێشچوون دەبینم، بەڵام  وەک هەمیشە، زۆر پرس لە عێراق هەن کە دەبێت هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت".
 
رووداو: دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان چۆن دەبینی؟ چی گۆڕدراوە لەو کاتەوەی لەوێ نەماوی؟
 
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق: وا دیارە ئەو ناکۆکیانەی لە هەرێمی کوردستان هەبوون، قووڵتر بوونەتەوە بەراورد بەو کاتەی لەوێ بووم. ئەگەرچی هەمیشە ناکۆکی لە کوردستان هەیە، وەک هەمیشە. هیوادارم کورد هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت و لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا هەڵوێستێکی بەهێزی هاوبەشیان هەبێت بۆ ئەوەی رۆڵێکی بەهێزتریان لە حکومەتی بەغدا و ئامانجی روونتریان هەبێت، تەنانەت ئەگەر لەسەر هەموو شتێکیش کۆک نەبن." 
 
رووداو: روانگەی سەرۆکوەزیران سوودانی بۆ داهاتووی عێراق چۆن دەبینی؟
 
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق: بە بڕوای من، سەرۆکوەزیران سوودانی هەوڵ دەدات لەسەر دیوارێک بڕوات. لە لایەکەوە کەسانێک هەن دەیانەوێت بەرەو لای ئێران رایبکێشن و عێراق بکەنە بەشێک لە بەرەی موقاوەمە؛ لە لایەکی دیکەوە خەڵکێکی دیکە هەن دەیانەوێت پەرە بە ئابووری بدەن و ئابووریی عێراق بە ئابووریی کەنداو و جیهانەوە گرێبدەن و پەیوەندیی باشیان لەگەڵ وڵاتە گەشەسەندووەکانی وەک ئەمریکا و ئەورووپا هەبێت بۆ ئەوەی عێراق سوودیان لێ ببینێت. سوودانی هەوڵدەدات هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوو هێزە سیاسییە بپارێزێت. ئێمە هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین، بەڵام ئومێدەوارین زیاتر بەلای رۆژئاوا و گەشەی ئابوورییدا لاربێتەوە.