ئەمنستی: لێدان، خنکاندن و تووندوتیژیی جێندەری لە کەمپەکانی رۆژ و هۆڵ هەن
رووداو دیجیتاڵ
"لێدان و ئەشکەنجەدان، خنکاندن و کارەبالێدان و تووندوتیژی جێندەری لە کەمپەکانی رۆژ و هۆڵ هەیە... خۆراک و ئاو و دەرمان نادرێتە دەستبەسەرکراوان، گومانلێکراوان لە ژووری جەنجاڵدا رووبەڕووی گەرمی و ساردی بەتین دەکرێنەوە، هەندێکیشیان لە هەناسەتووندیدا دەخنکێن."
ئەوە راپۆرتی رێکخراوی ئەمنستیی ئینتەرناشناڵە کە ئەشکەنجەدانی گومانلێکراوانی داعشی لە کەمپەکانی رۆژ و هۆلی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان بە بەڵگە کردووە.
ئایا مەزجوب، جێگری بەڕێوەبەری هەرێمی لە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت، "زۆربەی کەسەکان لەو کەمپانە ژن و منداڵن، زۆربەیان دەستیان لە هیچ تاوانێکدا نییە. هاوکات دۆخی کەمپەکان تەواو قێزەونە."
هەرچەندە ئەمنستی پەنجەی سەرەکی تۆمەتەکە بۆ هەسەدە درێژ دەکات، بەڵام ئەمریکا بە بەرپرسیاری سەرەکی رێکخستنی سیستمی گرتووخانەکان دەزانێت بەو پێیەی لەنێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رۆڵی سەرەکی هەیە لە داڕشتنی پلان و ستراتیژی و پارەدارکردن.
مەزجوب ئەوەشی گوتووە، "پێویستە ئەمریکا دڵنیایی بدات ئەو هەسەدەیەی پارەداری دەکات، ئەو ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییانە بووەستێنێت کە ئێمە بە بەڵگەمان کردوون، دەستپێشخەری بۆ لێکۆڵینەوەش دەکات تادڵنیا بێت ئەوانەی بەرپرسن بە سزا دەگەیێندرێن."
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە داوا دەکات، "ئەوانەی گومانیان لێناکرێت لەژێر یاسای نێودەوڵەتی دەستیان لە تاوانێکدا هەبێت و بناسرێنەوە و ئەوانەی خۆیان قوربانیی داعشن، ئازاد بکرێن."
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، کەمپ و گرتووخانەکانی دەستی هەسەدە 56 هەزار کەس لەخۆدەگرن، کە 30 هەزاریان منداڵن، زۆربەیان لانیکەم پێنج ساڵە دەستگیرکراون و هیچ دیارنییە بەزوویی ئازاد بکرێن یاخود بتوانن تانە لە بڕیاری دەستبەسەرکردنیان بدەن.