گەنجێک لە هەولێر بە دوو گوللـە دەکوژرێت؛ خێزانەکەی دەڵێن لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بووە

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد بورهان، شەوی رابردوو لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر بە دوو گوللـەی دەمانچە بریندارکراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە، بەگوتەی کەسوکارەکەی "رووداوەکە لەسەر شکاندنەوەی ئۆتۆمبێل بووە" و ئەوان تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەو رووداوەیان نەزانیوە.
 
روشدی بورهان، برای محەممەد بە رووداوی راگەیاند "رووداوەکە لەسەر شەقامی 120 مەتری لەسەر شکانەوەی ئۆتۆمبێل بووە و لە دوای ئیفتار روویداوە. (براکەم بە ئۆتۆمبێل) شکاندوویەتییەوە سەر ئۆتۆمبێلێکی دیکە و شۆفێرەکەی ئەو ئۆتۆمبێلە ئەفسەری پۆلیس بووە و دوو کەسی دیکەی لەگەڵدا بووە، بەڵام ئەو بەبێ هیچ شتێک و لام و جیم، چەکەکەی دەرهێناوە و دوو گوللـەی لەسەر دڵی داوە، گوللـەیەکیان لە دڵی دەرچووە و ئەوەی دیکە لەسەری ماوەتەوە".
 
براکەی محەممەد هەروەها دەڵێ "ئەوان لەوێ بوون هەتاوەکو براکەم گیانی لەدەستداوە، بە برینداری نەیانبردووەتە نەخۆشخانە، پاشان کە مردووە، ئینجا بردوویانەتە نەخۆشخانە، دوایی لە نەخۆشخانە زۆر بە ئازادی دەمانچەکەی داناوە و گوتوویەتی من بەو دەمانچەیە ئەو کەسەم کوشتووە و خۆیان رادەستی یاسا کردووە".
 
بەگوتەی روشدی، ئەو کەسەی براکەی کوشتووە "برای کەسێکی دەسەڵاتدارە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
محەممەد، لەدایکبووی ساڵی 1991ـە و خاوەنی دوو منداڵ بووە، بە گوتەی براکەی، کاری کرێکاریی کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا روشدی گوتی ئەوان مۆبایلەکەیان لە براکەم وەرگرتووە و ئەمڕۆ لە رێگەی شاگردەکەیەوە زانیومانە رووداوەکە روویداوە، چووینە لە نەخۆشخانەکان پرسیارمان کردووە هەتاوەکو تەرمەکەیمان دۆزییەوە.
 
ئەو گەنجە ماڵی لە گەڕەکی راستییە لە هەولێر، کەسوکارەکەی لەدوای زانینی هەواڵەکە هاتوونەتە ماڵەکەی. بنەماڵەی محەممەد هێشتا سکاڵایان تۆمار نەکردووە، بەڵام بەنیازن تۆماری بکەن و دەشڵێن "پرسەی بۆ دانانێین".
 
"ئەمشەو هاوژینەکەی منداڵی دەبێت"
 
جەمیلە عەبدوڵڵا، دایکی محەممەد کە ژنێکی بەتەمەنە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی کوڕەکەم دوو منداڵی هەیە، ئێستاش یەکێکیان وا دێتە سەر دونیا، بووکەکەم ژانی گرتووە و بردوویانە بۆ نەخۆشخانە.
 
جەمیلە بە هەمان شێوەی کوڕە گەورەکەی باسی ئەوە دەکات ئەوان ئەمڕۆ زانیویانە کوڕەکەیان کوژراوە، دەڵێ "کوڕە گەورەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و بابەڕۆی بوو، گوتی محەممەد کوژراوە و وا لە پزیشکی دادییە بانگی دوو کوڕەکەی دیکەم کرد و چووین، دوو گوللـەی لێدرابوو، یەکێکیان لە دڵی مابوو و ئەوەی دیکەش لە شانی دەرچووبوو".
 
بنەماڵەی محەممەد دەڵێن دەگوترێت ئەو کەسانە دوای کوشتنی محەممەد خۆیان رادەستی پۆلیس کردووە، "بەڵام کەس هیچی بە چاوی خۆی نەبینیوە، کێ دەڵێ گیراون؟ چونکە ئەوەی وای کردووە ئەفسەری پۆلیسە".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دایکی محەممە دەڵێ "پرسە دانانێم تاوەکو سەرۆک مەسعود بارزانی نەیەتە سەر خەت و هەقی کوڕەکەم نەکاتەوە، چونکە کابرا بە بێمنەتی کوشتوویەتی و ئەو جەژنەی لێ تاڵ کردین".