پاشماوەی پاڵاوگەکانی کواشێ لە دهۆک بووەتە مەترسیی لەسەر ژیانی مرۆڤ، ژینگە و ئاژەڵ
رووداو دیجیتاڵ
لافاوی چەند رۆژی رابردوو لە پارێزگای دهۆک بووە هۆی لەناوچوونی چەندین حەوزی ماسی لە سنوورەکە، چونکە پاشماوەی پاڵاوگەی کواشێ تێکەڵ بە ئاوی لافاوەکە بوو و، بەوهۆیەوە دەیان ماسی ژەهراوی بوون و مرداربوونەوە. هاوکات پاشماوەی کواشێ بووەتە هەڕەشەیەکی جیدی لەسەر ژیانی بەشێک لە دانیشتووانی سنووری سێمێل.
مودیر تەتەر فارس، موختاری کۆمەڵگەی گرێ گەورێ لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە چاوی خۆتان دەیبینن کە چەند زیانمان کردووە، هەتا 200 دۆنم زەویی پەتاتەش ژێرئاوکەوتوون [ئەمە جگە لە زیانی ماسییەکان]."
بە گوتەی خەڵکی ئەو کۆمەڵگەیە، لە دوو ساڵی رابردوودا 19 کەس تووشی شێرپەنجە بوون و بەشێکیشیان بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
سالم عەلی، پارێزەرە و خەڵکی کۆمەڵگەی گرێ گەورێیە، دەڵێت، "ئەمڕۆ بە فەرمی سکاڵامان لە دادگە تۆمار کرد. ئینجا دادگە کاری خۆی دەکات و لەسەر راسپاردەی ئەوان بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەش هاتوونەتە کۆمەڵگەکە، ئەوان راپۆرتی خۆیان بەرزدەکەنەوە."
جگە لە بەنداوی سەرەکی، 13 حەوزی ماسی لە نزیک رووباری دیجلە هەن کە لەسەر ئاقاری 17 گوندن، پاشماوەی کواشێ دەچێتە نێو بەنداوی موسڵیشەوە، بۆیە خواردنەوەی ئاوەکە بۆ ئاژەڵانیش ناتەندروستە.
رێدیر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی دهۆک بە رووداوی گوت، "لایەنی پەیوەندیدار پێویستە کاری پێویست بکەن و چارەسەرێک بدۆزنەوە، ئاوەکە بە چەند کەرەستەیەکی کیمایی پیس بووە و ناگونجێت بۆ بەکارهێنان، جا بۆ ئاژەڵ یان ماسی یان تەنانەت کشتوکاڵیش بێت."
پێشتر زیاتر لە 100 پاڵاوگە لە کۆمەڵگەی کواشێ هەبوون، بەڵام لە مانگی 12ـی ئەمساڵەوە تەنیا 12یان کاردەکەن. بەهۆی بۆن و مەترسیی پاڵاوگەکان لەسەر ژیانی خەڵك، چەندین ساڵە خەڵکی قەزای سێمێل گلەیی دەکەن، هاوکات کاریگەرییان لەسەر ژینگە، مرۆڤ و هەموو جۆرە گیانەوەرێک هەیە.