رێبوار تاڵەبانی: راکان جبووری چەندین گەندەڵیی سیاسی، یاسایی و دارایی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، لە ئەگەری کارابوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان یەکەم کاریان لە ئەنجوومەنەکە دوورخستنەوەی پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک و هەڵوەشانەوەی هەموو ئەو بڕیارانە دەبێت کە لەلایەن راکان جبوورییەوە دەرکراون. دەشڵێت لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە دەرئەنجامی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پارێزگاری بە وەکالەت چەندین "گەندەڵیی سیاسی، یاسایی و دارایی" کردووە.
 
رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی کاریگەریی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و ئەو گرفتانەی لە دەرئەنجامی ئەو بڕیارە کەوتوونەتەوە لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی رابردوو، رایگەیاند "سەبارەت بە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، دوو جار ستەمیان لێکراوە، جاری یەکەم ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵنەبژێردراوە، بەڵکو پێش ساڵی 2005 ئەو ئەنجوومەنە هەڵبژێردراوە، واتە پێش دەرچوون و هەموارکردنەوەکانی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان، واتە بۆ پەرلەمانی عێراق نەبوو هەموو ئەنجوومەنەکانی هەڵوەشاندبایەوە، نەدەبوو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵوەشێنێتەوە".
 
بە گوتەی رێبوار تاڵەبانی، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا لە دەرەنجامی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی ئەو شارە "بە هەلی زانی گەندەڵییەکی سیاسی، یاسایی و دارایی بکات و دەستیکرد بە هەڵمەتی دووبارە بەعەرەبکردنەوەی ناوچەکە، بە رێککەوتن لەگەڵ میلیشیاگەرەکانی ناو شاری کەرکووکیش دەستی بە هەڵمەتی بەشیعەکردنی شارەکە کرد، لەکاتێکدا هەموو کەسێک دەزانێت کە 99%ی خەڵکی کەرکووک سوننە مەزهەبن".
 
بە بڕوای سەرۆکی ئەنجوومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکووک، ئەو بڕیارەی پەرلەمان گورزێکی "کوشندە" بوو بەر شاری کەرکووک کەوت و دەشڵێت، بەو بڕیارە "ناسنامەیەکی مێژوویی و یاسایی و دەستووری لە کەرکووک سەندەوە".
 
رێبوار تاڵەبانی پێیوایە بە کارابوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، "یەکەم شت راکان جبووری لە پۆستەکەی دەردەکرێت، چونکە ئێمە وەکو لیستی برایەتی بە رێککەوتن کردمانە جێگری پارێزگار، بە مەرجێک وەکو کورد و عەرەب و تورکمان پێشێلکاریی دەستوور و یاسا نەکەین، گرووپی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگا واژۆیان لەسەر ئەو رێککەوتنە کردووە و خۆی یەکێک بووە لەوانەی واژۆی لەسەر کردووە، چۆن ئێستا پێشێلی ئەو رێککەوتنە و یاسا و دەستوور دەکات، دوای دوورخستنەوەشی لەو پۆستە دەبێت سزاش بدرێت، هەرچییەکیشی کردووە لە کەرکووک هەموو فەرمانەکانی هەڵدەوەشێتەوە، هەموو ئەو بەڕێوەبەرانەی دووری خستوونەتەوە دەبێت بگەڕێنەوە، واتە هەر کارێکی نایاسایی و نادەستووری لەو شارە کرابێت دوای کارابوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێت هەمووی ئاسایی بکرێتەوە".
 
دوای سوێندخواردنی ئەندامەکانی، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 19-04-2021 دادگای فیدراڵیی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەیدا تاوتوێی ئەو سکاڵایانە بکات کە لەسەر بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەیە، چاوەڕوان دەکرێت لەو هەفتەیەدا بڕیار لە چارەنووسی ئەو ئەنجوومەنانە بدات.