دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیارێکی سەندیکای پارێزەران بەنایاسایی دادەنێت
رووداو- هەولێر
رۆژی یەکشەممە 19-4-2015، لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی بڕیارێکی سەندیکای پارێزەران سەبارەت بە راگرتنی پێدانی مۆڵەت بە پارێزەران لەگەڵ نەقیبی سەندیکاکە کۆبووەوە.
ڤالا فەرید، سەرۆکی لیژنەی کاروباری یاسایی لە پەرلەمان بە ( تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند:" ماوەیەکە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە بڕیارێکی خۆیان دەرگای ئەندامێتییان بەڕووی تازە دەرچووانی کۆلێژی یاسا داخستووە، کەسیان بە ئەندامی سەندیکاکەیان وەرنەگرتووە و مۆڵەتی کاری پارێزەرییان نەداوە، بۆیە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر ئەو بڕیارەی سەندیکای پارێزەرانی بە نایاسایی داناوە و ئێمەش پشتگیری لە دادگای تێهەڵچوونەوە دەکەین، داوامانکردووە بەزووترین کات سەندیکا دەرگای ئەندامێتی بکاتەوە و مۆڵەتی کارکردن بداتە ئەو دەرچووانەی زانکۆ بۆئەوەی کاری پارێزەری بکەن".
لەبەرامبەردا بەختیار حەیدەری، نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بە ( تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند:" ئێمە بڕیاری راگرتنی ئەندامێتیمان لە سەندیکا راگرتووە، ئەو بڕیارەشمان لەسەر راسپاردەی لقەکانی سەندیکابوو و لە کۆنفرانسی سەندیکادا پێشنیازییان کرد، بە لەبەرچاوگرتنی دانانی سیستەمێک بۆ چۆنییەتی وەرگرتنی ئەندامیەتی و رێکخستنەوەیان بەشێوەیەکی گونجاو".
نەقیبی پارێزەرانی کوردستان بۆ رووداو گوتیشی:" بە شێوەیەکی کاتی دەرگای ئەندامێتیمان کردەوە، لەماوەی دوو مانگ دوو هەزار دەرچووی زانکۆ داواکارییان پێشکەشکرد و قبوڵکران، ئێستا سەندیکا زیاتر لە 7 هەزار ئەندامی هەیە، بۆیە دەبێ ئەنجوومەنی سەندیکا میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ چارەسەری ئەو بابەتە و دوایی بڕیار دەدەین ئەندام وەربگرین بۆ ئەوەی کاری پارێزەری بکەن یان نا".
حەیدەری ئاماژەی بەوەش کرد، یاسای پارێزەران کە پێشتر لەپەرمانی کوردستان پەسەندکراوە، دەبێ هەمواربکرێتەوە بۆئەوەی لەگەڵ بارودۆخی ئێستای کوردستان و پارێزەران بگونجێت. لە هەرێمی كوردستان مەرجە ئەو كەسەی كاری پارێزەری دەكات ئەندامی سەندیكای پارێزەران بێت.