تۆڕی میدیایی رووداو کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان سازدەکات، کۆنسێرتەکە بەناوی 'گالای نەورۆز'ـە و ئەمشەو (چوارشەممە) کاژێر 21 پێشکێش دەکرێت.
هونەرمەندان رۆژی سێشەممە دوایین ئامادەکارییان بۆ کۆنسيرتەکە کرد. یەکێک لەو هونەرمەندانە فرمێسکە کە دەڵێ "نەورۆز جەژنی سەری ساڵی ئێمەیە، پەیوەندیی بە رۆیشتنی زستان و هاتنی بەهار، هەروەها ئازادی و سەربەستییەوە هەیە، بۆیە زۆر خۆشحاڵم ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە نەورۆزدا لە هەولێر بەرنامەم دەبێت. یەکەمجارە لە هەولێر کۆنسێرت دەکەم."
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندێکی دیکەی بەشدارە لە کۆنسێرتەکە و باسی ئەوە دەکات سێ تراکیان ئامادەکردووە، کە هەندێکیان دوو گۆرانین "لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە تابلۆیەکمان ئامادەکردووە، تاوەکو لە کۆنسێرتەکە پێشکێشی بکەین."
هونەرمەندان شڤان پەروەر و ناسر رەزاریش لە کۆنسێرتەکە بەشدارن.
ناسر رەزازی، هونەرمەندی نێوداری رۆژهەڵاتی کوردستان لەڕێگەی رووداوەوە نەورۆز لە کوردان و هەموو ئەو نەتەوانە پیرۆز دەکات کە یادی جەژنی نەورۆز دەکەن، هەروەها دەڵێ "هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ سەرکەوتن بێت بۆ مرۆڤایەتی، بەتایبەتی بۆ گەلی چەوساوە و بندەستەی کورد."
گرووپی جۆلەمێرگی باکووری کوردستانیش لە کۆنسێرتەکە ئامادە دەبن، سەرپەرشتیاری گرووپەکە، ئەنوەر ئایدنە کە سەبارەت بە ئامادەکارییەکان دەڵێ "گرووپی جۆلەمێرگ گۆرانیی کۆنی هەر چوار پارچەی کوردستان دەڵێن، گۆرانییە کۆنەکان بە میوزیکی مۆدێرن."