لە دهۆک و هەولێر چی روویدا؟ زیانەکانی لافاو بزانە
رووداود دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، زیانی گیانی و مادیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. پشکی شێری زیانەکان بەر پارێزگای دهۆک کەوتووە.
شەپۆلەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە بارانی بەخوڕ لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد.
لە سەنتەری شاری دهۆک زیانی گیانی و لە گەڕەکەکانی بەڕۆشکێ، نزارکێ، سەرهەلدان و کۆمەڵگەی دۆمیز زیانی مادیی هەبوو.
کۆمەڵگەی دۆمیز بەرکەوتەی یەکەمی زیانەکانی بارانەکە بوو لە سنووری دهۆک؛ ئاو چووە نێو ماڵی 10 بۆ 12 هاونیشتمانی.
بەرگریی شارستانیی دهۆک هۆشداریی بە هاووڵاتییان دا کە "ئەگەر هیچ کارێکی پێویستتان نەبێت، لە ماڵەوە دەرنەچن."
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژى پۆلیسى بەرگریى شارستانیى دهۆک بە رووداوی راگەیاند، سێ رێگەی سەنتەرى شاری دهۆک بەهۆی لافاوەوە داخراون.
لە سەنتەری شاری دهۆک ئۆتۆمبێلێک بە چوار سەرنشینەوە لەنێو لافاودا گیریخوارد؛ تیمەکانی بەرگریی شارستانی دووانیان رزگارکرد و دووانەکەی دیکەش لافاو بردنی کە دواتر بەرگریی شارستانی گیانلەدەستدانی هەردووکیانی راگەیاند.
تەمەنی ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە 35 و 45 ساڵە.
سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی دهۆک بە رووداوی گوت، بەپێی ئاماری سەرەتایی؛ جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسە، نزیکەی 100 ماڵ، هەروەها نزیکەی 15 ئۆتۆمبێل ژێر ئاوی لافاو کەوتوون.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە پارێزگاری دهۆک کرد، هەرچییەکی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بکرێت.
هاوکات، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکارییەکی بەپەلە و پێویست دووپاتکردووەتەوە.
لافاوەکەی دهۆک زیانی مادیی زۆری لێکەوتەوە؛ ئاستی ئاوی رووباری هشکەڕۆ بەرزبووەوە و ئاوی رووبارەکە بەنێو چەند ماڵێکی گەڕەکی سەرهەلدان شۆڕبووەوە و لافاو چووە نێو دەیان ماڵ و لە چەند کۆڵانێک ئاوەکە تاوەکو سەربانی ماڵەکان بەرزبووەوە.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاونیشتمانییان کرد بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە. گوتیشی چەند ماڵێک بەهۆی لافاوەوە چۆڵکراون.
هاوکات، هەر بەهۆی لافاوەوە، هاتووچۆی نێوان دهۆک و ئامێدی بەتەواوەتی پەکیکەوت و لافاو زیانی بە چەندین ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیاند.
شەپۆلی بارانبارینەکە نزیکەی کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە شاری هەولێر.
کەشناسی پێشبینی کردبوو کە 01:00ـی دوای نیوەڕۆ تاوەکو 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-3-2024)بارانێكی بهخوڕ و تهرزهی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا لە سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری دەبارێت.
لەگەڵ گەیشتنی شەپۆلەکە، لە بەشێکی گەڕەکەکانی شاری هەولێر پەنگخواردنی ئاو دروستبوو و لە چەند شوێنێکیش ئاو چووە نێو ماڵی هاونیشتمانییان.
لە شەقامی شەست مەتریی هەولێر بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لەسەر شەقام ژمارەیەک ئۆتۆمبێل پەکیان کەوت.
لە گەڕەکی گڵکەند ئاو چووە نێو ژمارەیەک ماڵ و زیانی مادیی بە هاونیشتمانییان گەیاند.
پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان لەوەی تیمەکانیان لە ئامادەیی تەواودان.
داواشی لە هاونیشتمانییان کرد، هەموو ئەو رێگە و شوێنانەی پێشووتر لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئاگاداری بڵاوکراوەتەوە، ئوتۆمبێلەکانیان رانەگرن و بەکاریان نەهێنن.
هاوکات، ئاو لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کۆبووەوە و زیان بە دووکان و ئۆتۆمبێلی چەند هاونیشتمانییەک گەیشت.
.