لاهوور شێخ جەنگی 'وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی' سەردانی گۆڕان دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

لە راگەیێندراوێکدا لاهوور شێخ جەنگی خۆی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندووە و رایگەیاندووە، لەگەڵ عومەر سەید عەلی کۆبووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە 19ـی ئاداری 2023 لە پەیجی فەرمیی لاهوور شێخ جەنگی بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە هاورێیەتی پەروین کاکە ‌‌حەمە و ژینۆ محەممەد ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە شاری سلێمانی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی، جەمال ‌‌حاجی محەممەد، سەفینی مەلا قەرە و بەختیار عەولی پیشوازییان لێکرا." 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان بە گشتی، دۆخی سلێمانی و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان بەتایبەتی و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ کراوە.
 
لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان، هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکی سیاسیی نێوان لایەنەکان".
 
وەکو راگەیێندراوەکە ئاماژەی پێکردووە، "لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەو دۆخە نەخوازراوە کرا کە بەسەر سلێمانیدا هێندراوە و کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان، بازاڕ، بازرگان، کاسبکاران و خاوبوونەوەو راگرتنی پڕۆژە خزمەتگووزارییەکان؛ هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێت کۆتایی بەم دۆخە بهێندرێت و دامەزراوەکانی ‌‌حکومەت لە سلێمانی بخرینەوە خزمەت هاووڵاتییان." 
 
هەروەها باس لەوەشکراوە، کە لەسەر پرسی هەڵبژاردن جەختیان لە هاوئاهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردووەتەوە بۆ دابینکردنی زەوینەیەکی گونجاو لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
 
میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان تەنیا بە ئاماژەدان بە لاهوور شێخ جەنگی بێ ناوهێنانی وەکو هاوسەرۆک، راگەیێندراوەکەی بە هەمان نێوەڕۆک بڵاوکردووەتەوە.
 
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە، دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەو کاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگەی زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتر بوون تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
 
دواتر لاهوور شێخ جەنگی، بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.
 
رۆژی 30-1-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی لاهوور شێخ جەنگی تایبەت بە رێوشوێنەکانی نێوخۆی یەکێتی لەدوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021 کۆبووەوە کە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای کردبوو بڕیارەکانی تایبەت بە دەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی یەکێتی لە ریزەکانی ئەو حیزبە، دانانی ژمارەیەک کەس بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، دانانی بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی، گۆڕانکارییەکانی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی هەڵبووەشێنێتەوە.
 
کۆمیسیۆن پشتی بە بەڵگەنامە سەرەتاییەکان و بڕیارێکی دادگەی بەرایی سلێمانی لە رۆژی 9-10-2022 بۆ بڕیاردان لەبارەی دۆسییەکەوە بەست و بڕیاریدا بە "پەسندکردنی بڕیاری فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ژمارە (ش.ح/خ/84) لە رۆژی 15-1-2023 کە داوای رەتکردنەوەی داواکارییەکانی پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی رەتدەکاتەوە." 
 
بەگوێرەی نووسراوێکی دادگەی لێکۆڵێنەوەی ئاسایشی هەولێر کە لە 1-2-2023 دەرچووە و دەقەکەی دەست رووداو کەوتووە، دادگە وەڵامی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: "لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە."