دوای نەورۆز پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات

رووداو - هەولێر

سەرۆک، جێگر و بڕیاردەری هەر 15 لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردران، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رووداو کەوتووە، دوای پشووی نەورۆز پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە کۆتایی ئەو مانگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەسەڵاتەکانییەوە هەڵبژێردێت.

پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 19-3-2019 پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک، جێگر و بڕیاردەری لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، هەروەک چۆن پلانی بۆ دانرابوو سەرۆک، جێگر و بڕیاردەری هەر 15 لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردران.

پەیامنێری رووداو دەڵێت، بەپێی نوێترین زانیاری کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رەنگە هەر ئەمڕۆ هەمواری پڕۆژەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشکە بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، دوای پشووی نەورۆز پەرلەمان بانگهێشتی پەرلەمان بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە کۆتایی ئەو مانگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەواوی دەسەڵاتەکانییەوە هەڵبژێردێت.

ئەمڕۆ سەرۆک، جێگر و بڕیاردەری لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردران، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیش رۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و فراکسیۆنەکان رێککەوتن تاوەکو پۆستەکان بەپێی دانوستاندن و بەرکەوتەی هەڵبژاردن لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەن.