تیروپشك بۆ ناوی حاجیيان دەكرێت؛ رووداو ناوەكان بڵاودەكاتەوە
رووداو - هەولێر
لەڕێگەی تیروپشکەوە ناوی ئەو کەسانە رادەگەیێندرێت کە بەنیازن لە سێ ساڵی داهاتوودا پرۆسەی حەج ئەنجامبدەن. بەپێی زانیارییەکانی رووداویش زیاتر لە 86 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە.
سیداد لەشکری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە 19-3-2017، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی کوردستان سەرجەم ئەو ناوانە رادەگەیێنێت کە بڕیارە بۆ سێ ساڵی داهاتوو (2017، 2018، 2019 و یەدەگەكان) فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.
ئەمساڵ 86 هەزار و 463 کەس ناوی خۆیان بۆ حەج تۆمارکردووە. 43 هەزار و 211 کەس لەوان لە رەگەزی نێر و 43 هەزار و 252 کەسیشیان لە رەگەزی مێن. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو پارێزگای هەڵەبجە لە پارێزگای سلێمانی جیاکراوەتەوە.
- لە هەولێر 35 هەزار 939 کەس ناویان تۆمارکردووە، 1500 کەس بۆ ئەمساڵ ناویان دەردەچێت.
- لە سلێمانی 26 هەزار و 614 کەس ناوی خۆیان تۆمارکردووە، 1400 کەس بۆ ئەمساڵ ناویان دەردەچێت.
- لە پارێزگای دهۆک 19 هەزار و 296 کەس ناویان تۆمارکردووە، 1090 کەس بۆ ئەمساڵ ناویان دەردەچێت.
- لە پارێزگای هەڵەبجە 1236 کەس ناوی خۆیان نووسیوە، 120 کەس بۆ ئەمساڵ ناویان دەردەچێت.
- لە ئیدارەی گەرمیان 3 هەزار و 378 کەس ناویان تۆماركردووە، 250 کەس بۆ ئەمساڵ ناویان دەردەچێت.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی بۆ هەرسێ ساڵەکە 13 هەزار و 80 کەس ناویان دەردەچێت، بەڵام 1291 کەس وەکو یەدەگ ناویان دەبن.
بۆ ئەمساڵ بڕی 4 ملیۆن و 500 هەزار دینار لە هەر حاجییەك وەردەگیرێت وەكو خەرجی ئەنجامدانی پرۆسەی حەج، سەرجەم حاجییەکانیش لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە گەشت دەكەن.
ئەمساڵ لەبەرامبەر پڕكردنەوەی هەر فۆڕمێك بڕی 50 هەزار دیناری لە هەر كەسێك وەردەگیرا، 86 هەزار و 463 كەسیش ناوی خۆیان تۆماركردووە.
ئێستا تیروپشك دەستیپێكردووە و قەزا بە قەزا، دواتر لەسەر ئاستی پارێزگاكان تیروپشك دەكرێت، ئەمەش چەند كاژێرێكی دەوێت.