دادگەی نەینەوا گوتە وەرگرتنی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان پەسند ناکات


رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی نەینەوا گوتە وەرگرتنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان پەسند ناکات، ئەمەش گرفتی لە بەردەم جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی کوردی ئێزدی دروستکردووە. سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقیش بەڵێن بە ژنە پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی دەدات، ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.  
 
ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 19 -02-2023، لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە لەبارەی ئاستەنگییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای کچ و ژنانی کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش. 
 
ڤیان دەخیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە یاسای ئاسایشی خۆراک، پارەی پێویست بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمانە تەرخانکراوە، بەڵام یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە ئەوەیە، دادگەی نەینەوا  وەرگرتنی گوتە لە ژن و کچانی کوردی ئێزدی لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان پەسند ناکات، کە پێشتر لێیان وەرگیراوە، بۆیە داوادەکات ئەمانە گوتە وەرگرتنەکانیان ببەنە دادگەی نەینەوا، یان جارێکی دیکە لە بەردەم دادگەی نەینەوا گوتەی خۆیان بدەنەوە. بەهۆی ئەو کێشەیەوە، لە سەرووی 3 هەزار رزگاربوو، تەنیا 70یان لە دادگەی نەینەوا گوتەیان لێ وەرگیراوە." 
 
ڤیان دەخیل، کە گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە یاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک، 25 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی یاسای کچ و ژنانی رزگاربووی دەستی داعش تەرخانکراوە. "لەو بڕە 16 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگانەیانە، ئەمانە هیچیان وەرنەگرتووە. لەکاتێکدا پێویستە هەر یەکێکیان 800 هەزار دینار مووچەی مانگانەیان پێبدرێت. پارەکە گواستراوەتەوە بۆ هەژمارەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق. ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە ساڵانە لە بودجەدا ئەو بڕە پارەیان بۆ تەرخانبکرێت." 
 
ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بەڵێنیدا ئەم بابەتە چارەسەر بکات، گوتە وەرگرتنەکانی ئەم کچ و ژنانە لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان پەسند بکرێت. تەنیا پێویستی بە راساندنە بۆ ئەوەی پشتڕاست بکرێنەوە کە ئەمانە رزگار بوون. تەنانەت دادگەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەن دادوەرێک لە نەینەوا بێت و وردبینی لە دۆسیەکان بکات.
 
رۆژی 01-03-2021، پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای ژنە رزگاربووەکانی ئێزدی پەسندکرد. ئامانج لە یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش بریتییە لە:
 
- هەموو ژنانی ئێزدییە رزگاربووەکان قەرەبوو دەکرێنەوە
- ژنانی رزگاربوو مووچەیەکیان بۆ دەبڕدرێتەوە
- ژنانی رزگاربوو پارچە زەوییەک یان یەکەیەکی نیشتەجێبوونیان پێدەدرێت
- دەبێت ژیانێکی ئاسوودە بۆ ژنانی رزگاربوو دابینبکرێت
- دەبێت خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکێشی ژنانی رزگاربوو بکرێت
- دەبێت ژێرخانی ناوچەکانی ژنانی رزگاربوو ئاوەدان بکرێتەوە
- دەبێت ژنانی رزگاربوو و منداڵەکانیان تێکەڵی کۆمەڵگە بکرێنەوە
- دەبێت دۆخی یاسایی منداڵانی ژنە رزگاربووەکان چارەسەر بکرێت
 
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی رۆژی 19-01-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە گشتی نزیکەی 550 هەزار ئێزدی لە عێراق دەژین، بەهۆی شەڕی داعشەوە نزیکەی 360 هەزاریان ئاوارە و کۆچبەر بوون، ئێستاش 135 هەزار و 860یان لە کامپەکانی دهۆک دەژین و 189 هەزار و 337 کەسیان لە دەرەوەی کامپەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەژین." بە گوتەی حوسێن قائیدی، 120 هەزار کوردی ئێزدیش چوونەتە دەرەوەی وڵات.
 
لەبارەی ژمارەی ئەو ئێزدیانەی بە دەستی داعش کوژراون، حوسێن قائیدی گوتی، "زیاتر لە 5000 ئێزدی بە دەستی داعش شەهید بوون و هاوکات 2745 ئێزدی بێ دایک و باوک بوون."
 
لە شنگال 83 گۆڕی بەکۆمەڵ هەن. بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی دەڵێت، "69 گۆڕ هەڵنەدراونەتەوە، لەو گۆڕانەش کە هەڵدراونەتەوە تەرمی 162 کوردی ئێزدی دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە 142یان پیاون و 20یان ژنن، هاوکات 2693 ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1262یان مێ و 1431یان نێرن."
 
لە کۆی 360 هەزار کوردی ئێزدی، بە گوتەی حوسێن قائیدی، نزیکەی 20%یان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، لەبارەی هۆکاری نەگەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیانیش ئەوەی خستەڕوو، "زۆر هۆکار هەن، یەکێک لەوانە تائێستا کۆمەڵێک گرووپی چەکداری نافەرمی لە شنگال هەن، ئەوەش ترسی لای ئێزدییەکان دروستکردووە و ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان، هاوکات چەندین تەقەمەنی هەن کە پاکنەکراونەتەوە، گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵنەدرانەتەوە و شنگال هیچ خزمەتگوزارییەکی پێشکێش ناکرێت، ئەو هۆکارانەش کوردانی ئێزدیی نیگەران کردووە و بەهۆیەوە ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان."
 
داعش 6417 کوردی ئێزدیی رفاندبوو. بە گوتەی حوسێن قائیدی، "3548یان مێ بوون، 2869یان نێر بوون، لەوانەش 3562یان رزگارکراون کە 1207یان ژن بوون و 339یان پیاو بوون، هاوکات 1059 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕیش رزگار کراون."