رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتییان ئامادە کردووە و هەوڵ دەدەن بیکەنە یەکەم پڕۆژە یاسای بەردەم خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "5 هەزار و 612 حوکمدراو لە چاکسازییەکاندان. دەمانەوێت بە لێبووردنی گشتی دەرفەت بەوانە بدرێت کە مەرجیان تێدایە بۆ ئازادبوون".
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت: "پڕۆژە یاسایەکمان بۆ لێبووردنی گشتی لە ئەنجوومەنی وەزیرانە. لەگەڵ کارابوونی پەرلەمانی کوردستان رەوانەی ئەو دامەزراوەیە دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێت بە یاسا و ژمارەیەک لە حوکمدراون ئازاد بکرێن".
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، ئەو کەسانەی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە ئەوانەن کە ئاشتەوایی (سوڵح)یان هەیە و ئەوانەشی مافی گشتییان لەسەر نییە؛ گوتیشی: "ئامانجمان کەمکردنەوەی زیندانییەکانە لە چاکسازییەکان و پێدانی دەرفەتێک بەو کەسانەی مەرجیان تێدایە".
لە 17-12-2017ـدا پەرلەمانی کوردستان لێبووردنی گشتی بۆ حوکمدراوان دەرکرد و ژمارەیەکیان بەگوێرەی مەرجەکان ئازاد کران.
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ