رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەڵێت: "خواردنەوەی مەی لە شەقامەکان قەدەخەیە و سەرپێچیکار دەستگیردەکەین". ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش پێشنیاز دەکات، یانەی مەی خواردنەوە بکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-01-2025، ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت: "بە دەستگیرکردن و راوەدوونان، کێشەی مەیخۆرەوەکانی شەقامەکانی کەرکووک چارەسەر نابێت."
لە رێگەی سەرەکیی کەرکووک - هەولێر و چەند شوێنێکی دیکەی شارەکە، ئێواران ژمارەیەک لە هاووڵاتییان کۆدەبنەوە و مەی دەخۆنەوە.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هیچ یانەیەکی مەیخواردنەوە لە کەرکووک نییە. دەشڵێت: "ئەگەر دەیانەوێت مەی لە شەقامەکان نەخورێتەوە، پێویستە یانەی مەیخواردنەوە بۆ ئەو کەسانە بکرێتەوە کە مەی دەخۆنەوە."
ئەحمەد کەرکووکی گوتی: "پێویستە شوێنی تایبەت بە خواردنەوەی مەی لە کەرکووک هەبێت تاوەکو هاووڵاتییانی کەرکووک بتوانن سوود لە ئازادیی تاکەکەسی خۆیان ببینن".
هاوکات عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت: "خواردنەوەی مەی لە شەقامەکان سەرپێچییە. هەر کەسێک مەی لە شەقامەکان بخواتەوە و خەڵک هەراسان بکات، دەستگیری دەکەین."
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەدا: "هەر کەسێک بە تۆمەتی مەیخواردنەوە لە شەقامەکان دەستگیربکرێت، رادەستی دادگە دەکرێت. دادگەیش بەپێی مادەی 240 دادگەیی دەکات. ئەوەیش پێبژاردن و بەندکردنی تێدایە."
لەبارەی کێشەنانەوە و پشێوی دروستکردنەوە عامر شوانی گوتی: "ئەوانەی کێشە دروست دەکەن، بەپێی کێشەکە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. یاسا ئەو کەسانە سزا دەدات کە سەرخۆش دەبن و ئازاری خەڵک دەدەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ