لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان کفری و کەلار باوک و کوڕێک گیانیان لەدەستدا

19-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆودا لەنێوان قەزاکانی کەلار و کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئۆتۆمبێلێک گڕی گرت و باوک و کوڕێک گیانیان لەدەستدا.
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "باوک و کوڕەکە دانیشتووی ناحیەی سەرقەڵا بوون و باوکەکە ئەندامی هێزەکانی ئاسایش بوو".
 
رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە روویداوە. سامان عەلی گوتی: "رووداوەکە لەنزیک گوندی وەلی هەیەر بووە، لەوێ تاسەیەکی کۆنکرێتی هەیە و ئۆتۆمبێلێک لەو تاسەیە خاوی کردووەتەوە، ئۆتۆمبێلی دواوە ئاگادار نەبووە و بەخێرایی خۆی پێدا کێشاوە و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکەی پێشەوە گڕی گرتووە و بەو هۆیەوە کوڕ و باوکەکە سووتاون".
 
هەردوو ئۆتۆمبێلەکە تایبەت بوون و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش هاووڵاتییەکی عەرەبە و بە سووکی بریندار بووە.
 
باوکەکە تەمەنی نزیکەی 50 ساڵە و کوڕەکەشی 20 ساڵ.
 
شۆفێرە عەرەبەکە راگیراوە و پۆلیسی هاتووچۆی گەرمیان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە