رووداو دیجیتاڵ
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەڵێت، رێککەوتنی ئاویان لەگەڵ سووریا هەڵنەوەشاوەتەوە و ئاوی کۆگاکراویش 11.5 ملیار مەترسێجایە. ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، تورکیا 75٪ی بەشە ئاوی عێراقی کەمکردووەتەوە.
سائیر عەبدولکازم جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ، ئاودێری و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە (19-01-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تورکیا و سووریا رێز لە دراوسێیەتی ناگرن و بەشە ئاوی پێویست بۆ عێراق بەرنادەنەوە".
سائیر عەبدولکازم جبووری ئاماژەی بەوەکرد: "تورکیا 75%ی بەشە ئاوی کەمتر بۆ عێراق بەردەداتەوە و پابەندی رێککەوتنەکان نییە. سەرەڕای هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری سەرچاوەکانی ئاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ تورکیا، تا ئێستا ئەو هەوڵانە هیچ ئەنجامێکیان نەبووە".
رووباری فورات سەرچاوەکەی باکووری کوردستانە و دواتر بە رۆژئاوای کوردستان و سووریادا تێدەپەڕێت و لە سنووری ئەنبارەوە دەچێتە نێو عێراق.
هاوکات عۆن زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەمڕۆ بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، رێککەوتنی ئاویان لەگەڵ سووریا تاوەکو ئێستا کاری پێدەکرێت و هەڵنەوەشاوەتەوە.
وەزیری سەرچاوەکانی راشیگەیاند، بڕی ئاوی رووباری فورات کە لە سووریاوە دێت، گەیشتووەتە 450 مەترسێجا لە چرکەیەکدا، لە کاتێکدا پێشتر 290 مەترسێجا بوو.
بەڵام سائیر عەبدولکازم جبووری دەڵێت: "هێشتا وەک پێویست سووریا ئاو بەرناداتەوە. بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەو وڵاتەوە هیچ گەرەنتییەک نییە ئاو بەشێوەیەکی پێویست بەربدرێتەوە".
ئەندامەکەی لیژنەی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی کەمیی ئاوەوە عێراق لە دۆخی وشکەساڵیدایە، بەتایبەتی ناوچەکانی باشوور و زۆنگاوەکان زیاتر زیانیان بەرکەوتووە.
بەپێی رێککەوتنی پێشوو، پێویستە سووریا 58٪ی ئەو بڕە ئاوە بۆ عێراق بەربداتەوە کە تورکیا بە رووباری فورات دەینێرێت، کە ئەو بڕە دەگاتە 500 مەترسێجا لە چرکەیەکدا.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەشدا کە دۆخی رووباری فورات باشترە لە دیجلە، چونکە دیجلە زیاتر پشت بە باران و بەفر دەبەستێت، کە ئەم وەرزە بڕەکەی کەمە.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، بڕی بارانبارین لەم وەرزەدا کەمترە لە دوو ساڵی رابردوو، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لە مانگەکانی ئادار و نیساندا باران ببارێت.
عۆن زیاب ئەوەشی خستەڕوو، بڕی ئاوی کۆگاکراوی عێراق گەیشتووەتە 11 ملیار و 500 ملیۆن مەترسێجا کە لە ساڵی رابردوو باشترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ