هەوار جەلالەدین لەبارەی رووداوەکەی مێردین: لەبری پارەکە جانتای دایکمیان بردووە کە پارەی تێدا نەبووە


رووداو دیجیتاڵ

کەسوکارێکی کوژراوەکانی رووداوەکەی مێردینی باکووری کوردستان دەڵێت، "چوار کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامانی خێزانەکەم دەستگیرکراون و دانیان پێدا ناوە کە بۆ پارە ئەو کارەیان کردووە".
 
بەرەبەیانی، 19-01-2023، لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان چوار کەسی دوو خێزانی باشووری کوردستان لە ئۆتۆمبیلێکدا کوژران و یەکێکیش کە بە سەختی بریندار بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دوای چەند کاژێرێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
هەوار جەلالەدین، کە لە رووداوەکەدا دایکی و برایەکی کوژران، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "چوار کەس بە تۆمەتی کوشتنی کەسوکارەکەم دەستگیرکراون کە خەڵکی نسێبینن و دوویان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە".
 
بە گوتەی هەوار جەلالەدین، بکوژەکان ماوەیەک لە رێگە چاودێرییان کردوون و گوتی، "میدیای تورکیا دەڵێت: لە ئیبراهیم خەلیلەوە چاودێریی کراون، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە ئەمە بسەلمێنێت".
 
بکوژەکان بە دەمانچە تاوانەکەیان کردووە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، دەستیان بەسەر دەمانچەکە و ئۆتۆمبێلەکەشیاندا گرتووە. هەوار جەلالەدین دەڵێت، "دوو لەو تۆمەتبارانە گوتوویانە ئێمە قەرزاری حکومەت بووین، بۆیە ئەو کەسانەمان بۆ پارە کوشتوون. 
 
هەرچەندە بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، تاوانەکە بۆ پارە کراوە، بەڵام هەوار جەلالەدین ئاماژەی بەوەکرد، "بکوژەکان دوای تاوانەکە، جانتاکەی دایکم و چەند زەرفێکیان بەپەلە بردووە و هەڵاتوون، بەڵام هیچیان پارەیان تێدا نەبووە".
 
ناوی ئەو پێنج هاونیشتمانییەی دهۆک کە لە نزیک مێردین بە دەستڕێژی گولـلە کوژراون:
 
حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا: 69 ساڵ
چیمەن شاهین خالید: 75 ساڵ، هاوژینی حاجی عەبدوڵڵایە
هندرێن عەبدوڵڵا ساڵح: 39 ساڵ، کچی حاجی عەبدوڵڵایە
واحیدە حەیدەر جاسم: 63 ساڵ
مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم: 45 ساڵ
 
رۆژی پێنجشەممە، 19-1-2023، سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی لەبارەی کوژرانی پێنج هاونیشتمانییەکەی دهۆک لە مێردین بڵاوکردەوە و گوتی: "سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری قوربانییانی ئەو پەلامارە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم."
 
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد "لەوە دڵنیام حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیا هەوڵی جیدی و تەواوی خۆی دەدات بۆ ئەوەی راستییەكانی ئەو رووداوە ئاشكرا بكرێن و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدۆزرێنەوە و بە سزای خۆیان بگەن."
 
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە داخێکی زۆرەوە، دوێنێ شەو لە رێگەی نسێبین-ی سەر بە پارێزگای مێردین لە تورکیا، لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر چەند هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش بریندارە."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان راگەیاندووە و دەشڵێت، "لە کاتێکدا بە تووندی ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەم، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین کە بە زووترین کات هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم تاوانە روون بکەنەوە و تاوانبارانیش رووبەڕووی دادگە بکەنەوە."