دەستەی وەبەرهێنان: هەر بیانییەک موڵکێکی 50 هەزار دۆلاری بکڕێت مافی نیشتەجێبوونی پێدەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر بیانییەک موڵکێکی 50 هەزار دۆلاری بکڕێت، دەتوانێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی نیشتەجێبوون وەربگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شوکری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر وەکو ئاسانکاری لە بواری وەبەرهێناندا، هەندێک کەس توانیویانە لەو رێگەیەوە مافی نیشتەجێبوون وەربگرن، بەڵام ئێستا بۆ یەکەم جارە دەبێتە بەرنامەیەکی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەگەر بیانییەک موڵکێک لە هەرێمی کوردستان بکڕێت نرخی لە 50 هەزار دۆلار زیاتر بێت، بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی نیشتەجێبوونی پێدەدرێت."
بە گوتەی محەممەد شوکری، "تاوەکو ئێستا رێنوێنییەکان تەواو نەبوون، لەسەری ساڵەوە بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
پێشتر چەند وەبەرهێنەر و سەرمایەدارێک بەهۆی کڕینی موڵکەوە مافی نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە، بەڵام بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، فەرمی نەبووە و لەمەودوا حکومەت بە فەرمی ئەو کارە دەکات.