شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرن؛ چی دەکەن؟

رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەولێرن و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کەمتر لە هەفتەیەکدا کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مووچە و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق تەواو دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەوە، کە دوو رۆژە بەسەردانێکی فەرمی لە هەرێمی کوردستانن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب پشتیوانی خۆی و وەزارەتی دارایی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە.
 
وەزیری دارایی رایگەیاند، "لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە تەکنیکیەکانی تایبەت بە مووچە و جێبەجێکردنی داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر رێکخستنەوەی راپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریی و گەنجینەکان و سەرجەم یەکە ژمێریاریەکان راسپێردراون، کە لە ماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا سەرجەم کارەکان تەواو بکەن".
 
تیمە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی عێراقیش جەختی لەوەکردەوە، "وەک یەک تیم لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی کار دەکەن، بۆ ئەوەی لەو ماوەی بۆیان دیاری کراوە، کارەکان بە سەرکەوتوویی تەواو بکەن".