رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی کوردانی شاری خانەقینی باشووری کوردستان داوا لە هاوزمانەکانیان دەکەن بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگەکانی عێراقدا بکەن بۆ سەلماندنی کوردبوونی ناسنامەی شارەکەیان، کە لەم چەند ساڵەی دوایدا کەوتووەتە بەر شەپۆلێکی دیکەی تەعریب.
67 هەزار کەس لەو شارەی سەر بە پارێزگەی دیالەیە، مافی دەنگدانیان هەیە.
هاونیشتمانیێکی کورد لە بەردەم یەکێک لە ناوەندەکانی دەنگدانی شارەکە بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداوی گوت "ئەمڕۆ رۆژی دەنگدانی کوردە، بە خەڵک دەڵێم وەرن بۆ دەنگدان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئاوارەنەکرێنەوە."
کوردانی شارەکە ئەم هەڵبژاردنە بە دەرفەت دەبینن بۆ ئەوەی رۆڵی کورد لە حکومەتی خۆجێی خانەقین بەهێزبێتەوە، شارێک کە بە درێژایی مێژوو شوێنی نیشتەجێبوونی کورد بووە، بەڵام لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا کەوتە بەر شاڵاوی تەعریبی دەسەڵاتی بەعس و، ئێستاش لە ژێر شەپۆلێکی دیکەی گۆڕینی دیموگرافیدایە، بە جۆرێک کە هەزاران خێزانی کورد لە دوای کشانەوەی پێشمەرگە لە قەزاکە، ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و خێزانە عەرەبەکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق شوێنیان گرتوونەتەوە.
دەنگدەرێکی کورد دەڵێت "دەنگ بدەن بە لیستی کورد، کەسایەتیی کورد، بۆ ئەوەی سبەی داوای مافت بکات."
بۆ کوردانی خانەقین، دەنگدانەکە تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت، کە لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا (17-12 رۆژی ئاڵای کوردستانە) رێگە بە هەڵکردنی ئاڵاکە نەدرا. حکومەتی خۆجێی شارەکە هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ قەدەخەکردنی "هەموو چالاکیێک" بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانەوە.
لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، حەشدی شەعبی و هێزەکانی سوپای عێراق چوونە نێو خانەقین و هێزی پێشمەرگەی تێدا نەما، ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگە و دامەزراوەکانی شارەکە هێنرایە خوارەوە.
خانمێک بە جلی کوردییەوە هیوا دەخوازێت "کورد، دەنگی بەفیڕۆنەدات."
خانمەکە لەبەردەم بنکەی دەنگدانەکە بە رووداوی گوت "ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر گرنگە بۆ هەموو کوردێک، بەتایبەت بۆ کوردانی شاری خانەقین."
کەسێکیش کە خۆی بە پێشمەرگەیەکی دێرین ناودەبات، دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکەی خستوووەتە خزمەتی گواستنەوەی دەنگدەران، دەشڵێت: "بە ناوی هەموو پێشمەرگە دێرینەکانی خانەقینەوە قسەدەکەم و داوایان لێ دەکەم بێن بۆ دەنگدان. با کاتەکە بە فیڕۆنەچێت، خانەقین هەمووی خاوەن شەهیدە، با خوێنی شەهیدەکان بەفیڕۆنەچێت."
هاونیشتمانیێکی دیکە گوتی: "زۆر شەهیدمان داوە، بەتایبەت لە شاری خانەقین،" داواشی لە خەڵکی شارکە کرد "بێن دەنگ بدەن. ئێمە زۆر ستەممان لێکراوە، ئاوارە کراوین، دەربەدەرکراوین، ماڵمان رووخێنراوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، ئێستا گوندە کوردییەکانی خانەقین بەرەو چۆڵبوون دەچن و لەکۆی 83 گوندی سنوورەکە، 36 گوندی کوردان چۆڵکراون و عەرەب لە 32 گوندی کوردان نیشتەجێ بوون، ئێستا تەنیا 15 گوندی کوردان لە خانەقین ماونەتەوە و ئەوانیش هەڕەشەیان لەسەرە، رەنگە دانیشتووانەکانیان چۆڵیان بکەن.
لەبارەی گرنگیی ئەم هەڵبژاردنەوە، هاونیشتمانیێک بە رووداوی گوت "زۆر گرنگە بۆ هەموو کەسێک کە ئەمڕۆ بێت دەنگبدات. چونکە ئەم شارە بەدرێژایی مێژوو تەعریب کراوە، ئێستا بە دەنگەکانمان دەتوانین نەهێڵین تەعریب بکرێتەوە."
ژمارەی دانیشتووانی خانەقین لە ساڵانی حەفتاکاندا 170 هەزار کەس بووە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2019ـدا، 238 هەزار و 337 کەس بووە، زیاتر لە 90 هەزار کەسیان لەنێو قەزای خانەقیندا دەژین، بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئەو ناوچەیە بە زمانی کوردی (شێوەزارەی کەلهووری) قسە دەکەن.
قەزاکە رووبەرەکەی سێ هەزار و 915 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، زۆرینەی دانیشتووانی کوردی فەیلیی شیعەمەزهەبن، خانەقین کەوتووەتە نێوان قەزای کفری لە باکوورەوە، قەزای مەندەلی و چیای حەمرین لە باشوور، رووباری سیروان لە رۆژئاوا و سنووری عێراق و ئێران لە رۆژھەڵات.
شارەکە بەشێکی لەو سنوورەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا ناکۆکیی لەسەرە. ماددەی 140ـی دەستووری عێراق تایبەتکراوە بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە دابەشبوون بەسەر پارێزگەکانی کەرکووک، نەینەوا و سەلاحەدین.
بە گوێرەی ماددەکە، بە سێ قۆناخ کێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر دەکرێت، کە بریتین لە: ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، گشتپرسی کە تاوەکو مانگی 12ـی ساڵی 2007 تێپەڕنەکات، جگە لە بەشێک لە قۆناخی یەکەم نەبێت، هیچ هەنگاوێکی دیکەی ئەو مادەیە جێبەجێ نەکراوە.
بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لە ماوەکانی رابردوودا بەشێکیان لە خزمەتی چڕکردنەوەی تەعریبدا بوون، لەوانە بڕیارەکانی پەیوەست بە زەویوزار و ئەو بڕیارانەی دژ بە جووتیارانی کورد دراون، کە خاوەنی فەرمی و دێرینی زەوییەکانیانن.
عەرەبە هاوردەکانی خانەقین رێگەی دادگەیان گرتووەتەبەر بۆ داگیرکردنی زەویی جووتیارانی کورد لەو شارە، ئەوەش بە پشتبەستن بەو گرێبەستانەی لە لایەن دەسەڵاتی بەعسەوە پێیاندرابوو.
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین، مانگی رابردوو بە رووداوی گوتبوو "گوندەکانی دەروبەری خانەقین زیاتر لە 80 گوندن، بەڵام عەرەب چوونەتە نێو گوندەکانی کورد کە 100% کوردستانین، ئەوان داوای زەوییەکانیان دەکەن و بەشێکیان لە کورد دەسەنن، بگرە داوای قەرەبووی ئەو ساڵانەش دەکەن، کە کورد لەسەری بووە، ماڵێک 50 ملیۆن دیناری داوە، ئێستا داوای ملیارێکی لێدەکەن، لە رێگەی دادگە دەیبەن و لە رووی سیاسیشەوە پاڵپشتییان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ