پۆلیسی کەرکووک: هاتنی هێزی چەکدار بۆ نێو شار قەدەخەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ هاتووچۆ لەنێو شاری کەرکووک ئاسایی دەبێت، بەڵام هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەبەردەم بنکەکانی دەنگدان قەدەخەیە و نابێت هیچ هێزێکی چەکداریش بێتە نێو کەرکووکەوە.
کاژێر حەوتى بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-12-2023) ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە، کە تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
عەمید سابیر محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، هەموو بنکەکان لەلایەن هێزی نێوخۆ و سوپاوە دەپارێزرێن، هێڵی یەکەم و دووەم لە ئەستۆی هێزی نێوخۆدایە و هێڵی سێیەم کە دەرەوەی بنکەکانە، لە ئەستۆی سوپادایە."
لەبارەی هاتووچۆوە، عەمید سابیر محەممەد گوتی "هاتووچۆ ئاساییە و هاونیشتمانییان دەتوانن هاتووچۆ بکەن، تەنیا لەبەردەم بنکەکان هاتووچۆی ئۆتۆمبێل قەدەخەیە، هەروەها چوونی هێزی چەکداریش لە دەرەوە بۆ نێو شار قەدەخەیە".
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.
ئەمەش ببینە:
لایڤ بلۆگی رووداو بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق