33 کەس بەهۆی زریان و لافاوەکەی فلیپین گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەی ئەو کەسانەی لە فلیپین بەهۆی زریان و لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ 33 کەس بەرزبووەوە و دەیانی دیکەش بێسەروشوێنن. بەگوێرەی ئامار و داتاکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، ئەم زریانە بە گەورەترین زریانی ئەمساڵ دادەنرێت کە رووی لە کۆمەڵە دوورگەکە کردووە. 
 
رۆژی شەممە 18-12-2021 بەرپرسانی فلیپین کۆمەڵێک زانیاریی نوێیان لەبارەی زیانەکانی زریان و لافاوەکەی باشوور و نێوەڕاستی وڵاتەکە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، لانیکەم 33 کەس بەهۆیانەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لەوەی دەیان ستوونی کارەبای خستووە کە کارەبای هەزاران ماڵی بڕیوە، هەروەها سەتان خانووی خاپوور کردووە و بەهۆیەوە زیاتر لە 300 هەزار کەس ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن.
 
رۆژی پێنجشەممە 16-12-2021 زریانێک بە ناوی "رەی" کە خێرایی باکەی 195 کیلۆمەتر بوو لە کاژێرێکدا دوورگەی سیارگاوی گەشتیاریی فلیپینی گرتەوە. بەگوێرەی کەشناسیی وڵاتەکە، زریانەکە لە دەریای باشووری چینەوە هەڵیکردووە و بەرەو ڤێتنام رۆیشتووە.
 
بە گوێرەی ئاژانسی کەشناسیی فلیپین، رۆژی هەینی خێرایی باکە بۆ 155 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دابەزی. 
 
بەڵام بەردەوامی زریانەکە وایکردووە زیانێکی گەورە بەر خانوو و باڵەخانەکان بکەوێت، ئاو بچێتە نێو خانووەکان و سەربانی ژمارەیەکی زۆر لە خانووەکان بەهۆی بەهێزیی باکەوە نەماون. 
 
بەشێک لەو وێنانەی لەلایەن سوپاوە بڵاوکراونەتەوە، پیشانی دەدەن کە زیانێکی گەورە بەر شاری ژەنەڕاڵ لونا کەوتووە و هەزاران دانیشتووی ناوچەکەی ناچار بە جێهێشتنی ماڵەکانیان کردووە. ئەوە لەکاتێکدایە، خەڵکی دوورگەکانی فلیپین خۆیان بۆ ئاهەنگگێڕانی کریسمس و سەری ساڵی نوێ ئامادە دەکرد.  
 
ئەلبێرتۆ بۆکانێگرا، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەڵێت: " ئەمە بەهێزترین زریانە کە لە ماوەی یەک دەیەی رابردوودا رووی لە فلیپین کردووە". 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی وڵاتەکە، جگە لەوانەی تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، نزیکەی 50 کەسی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.
 
هاوکات، پرۆسەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا بەردەوامە و مارک تیمبال، گوتەبێژی ئاژانسی نیشتمانی وەڵامدانەوەی کارەسات دەڵێت، حکومەت 18 هەزار سەرباز، پۆلیس، پاسەوانی کەنار و تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوەی راسپاردووە بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا. 
 
ساڵانە لانیکەم 20 زریانی لەمجۆرە دوورگەکانی فلیپین دەگرنەوە. هاوکات بەشێکی وڵاتەکە دەکەوێتە سەر زنجیرەی ئاگریی زەریای هێمن کە بەو هۆیەوە چەندین کارەسانی لەوشێوەیە ساڵەنە تێیدا روودەدەن.