دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارەکانی راکان جبووری لە کەرکووک رادەگرێت

رووداو - کەرکووک

بە فەرمانی دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارەکانی راکان سەعید، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت راگیران، کە زۆرینەیان دژی دانیشتووانی کوردی ئەو پارێزگایە بوون.

له‌سه‌ر راسپارده‌ی بەرهەم ساڵح، سه‌رۆككۆماری عێراق دادگای فیدراڵی هه‌موو ئه‌و نووسراوانه‌ی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركووكی به‌وه‌كاله‌ت هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵێكدا بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وی كورد ده‌ریكردبوون.
 
له‌ نووسراوه‌كه‌ی دادگای فیدراڵیدا هاتووه‌، كێشه‌ی زه‌وییه‌كانی كه‌ركووك له‌ڕێگەی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ـه‌وه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌ و تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ هیچ گرێبه‌ستێكی سه‌رده‌می به‌عس نوێ نه‌كرێته‌وه‌.

دیلان عه‌فوور، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگه‌یاند "نووسراو گه‌یشتووەته‌ دادگای كه‌ركووك بۆ ئه‌وه‌ی كار به ‌رێنماییه‌كانی ماده‌ی 140 بكرێت، له‌نێویاندا خاڵه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان. ئه‌وە هه‌نگاوێكی باشه،‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ر وه‌كو خۆی له‌ ده‌ستی كورد بمینێته‌وه‌ و هیچ گرێبه‌ستێكی عه‌ره‌به‌كان نوێ نه‌كرێته‌وه‌".

توركمانه‌كان، كه‌ رووبه‌رێكی زۆری زه‌وییه‌كانیان ته‌عریب كراوه‌، به‌شێك له‌ حیزبه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 دۆخی شاره‌كه‌ ئاسایی ده‌كاته‌وه‌ به‌ڵام بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رجی پێشوه‌ختیان هه‌یه‌.

محەممەد سه‌معان، گوته‌بێژی به‌ره‌ی توركمانی عێراق ده‌ڵێت "ئێمه‌ دژی ماده‌ی 140 نین، دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ پێكهاته‌كان كه‌ به‌ره‌ی توركمانی دژی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه‌ نییه،‌ به‌ڵكو مه‌رجمان هه‌یه‌. چه‌ند رێكارێك هه‌یه‌ پێویستە بكرێن له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ سه‌رژمێری دانیشتووان".

حیزب و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان، كه‌ له‌ 14 ساڵی رابردوودا دژی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 58 و دواتریش ماده‌ی 140 بوون، ئێستا له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه‌ن و پێیانوایه‌ كاتی ته‌واوكردنی بڕگه‌كانی ئه‌و ماده‌یه‌ هاتووه‌.

عه‌بدولكه‌ریم عەزاوی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌رۆك هۆزه‌ عه‌ره‌بییه‌كان دەڵێت "به‌ بۆچوونی من جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك له‌ به‌رژه‌وه‌ند‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانه‌ نه‌ك ته‌نیا پێكهاته‌یه‌ك، له‌به‌رئه‌وه‌ی ماده‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ و بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌نیا پێویستی به‌ دانیشتنی سه‌ركرده‌كانه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ".

له‌ماوه‌ی ساڵێكی دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ 14 نووسراوی جیاجیا پارێزگاری كه‌ركووك به‌وه‌كاله‌ت هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی رووبه‌ری ملیۆنێك و 300 هه‌زار دۆنم زه‌وی كوردی داوه،‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می پرۆسه‌ی ته‌عریب به‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ درابوون.