توركمان و مەسیحی كۆتاییان بە بایكۆتكردن هێنا

 رووداو- هەولێر

دوای ئەوەی فراكسیۆنەكانی توركمان و مەسیحی و ئەرمەنەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە هۆی ناڕەزایی لەسەر پێكهاتەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتووە لە سێ ئەندامی پارتی، دوو ئەندامی یەكێتی، دوو گۆڕان، یەک ئەندامی كۆمەڵ و یەک ئەندامی یەكگرتوو، كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیان بایكۆت كردبوو، ئەمڕۆ كۆتاییان پێهێنا.

جەودەت جەرجیس لەتیف، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە ئەمڕۆش درێژەمان بە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دا، بەڵام خۆشبەختانە سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەمڕۆ داخوازییەكەی ئێمەیان زۆر بە گرنگ وەرگرتبوو و ئەو پڕۆژەیەی، كە پێشكەشمان كردبوو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ئەنجام درا".

پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014، یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، دوای ئەوەی توركمان و مەسیحییەكانی نێو پەرلەمان ناڕەزایی خۆیان دەربڕی لە پێكهاتەی كۆمیسیۆن و ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

بە بڕوای جەودەت جەرجیس، ئەمە هەنگاوێكی زۆر ئیجابی بوو، "بۆیە ئێمە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی پەرلەمان بە فراكسیۆنەكانی توركمانی و مەسیحی و ئەرمەنی، بڕیارماندا روونكردنەوەیەك دەربكەین و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی بكەین و تێیدا دەستخۆشییان لێدەكەین و ئەو هەڵوێستەی ئەوان گرتییانە بەر بۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پڕۆژە یاسایە بەرز دەنرخێنین".

ئەو پەرلەمانتارە تورکمانە گوتیشی، "ئێمەش بڕیارماندا بە كۆتاییهێنان بە بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو بەشدار دەبین بۆئەوەی خۆمان ئامادەبكەین بۆ چۆنیەتی هەمواركردنەوەی ئەو پڕۆژەیە".

سەبارەت بە قۆناخی داهاتوو و هەمواركردنەوەی یاساكە و داواكاریی ئەو فراكسیۆنانە بۆ چۆنیەتی پێكهێنانەوەی فراكسیۆنەكە، جەودەت جرجیس گوتی "ئێمە داوای ئەوەمان نەكردووە، كە ئەو دوو ئەندامەی نێو لیستی پارتی و یەكێتی لابدرێن، چونكە ئەوە حیزبەكان خۆیان دەتوانن بڕیاری لەسەر بدەن، بەڵكو ئێمە لەگەڵ ئەوەین دوو ئەندامی دیكە بۆ كۆمیسیۆن زیاد بكرێت و لە 9 ئەندامەوە بكرێتە 11 ئەندام، ئێمە لە دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان باس لە رێوشوێنەكان دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین بە زووترین كات ئەو پرسە یەكلایی بكەینەوە".