پێشاندانی کتێبێک لە پێشانگەی کتێب لە سلێمانی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

پێشاندانی کتێبێک کە گوایە نووسەرەکەی سەدام حوسێنە لە چوارەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، کاردانەوەی رێکخراوەکانی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفالی لێکەوتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کتێبەکەیان قەدەخە کردووە و لە پێشانگەکە نەیانهێشتووە.
 
کتێبەکە بە زمانی عەرەبی نووسراوە و چاپکراوە. رۆژی هەینی، 18-11-2022، گۆڤاری تۆپزاوە کە تایبەتە بە جینۆساید و ئەنفال بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید راگەیێندراوێکی ناڕەزاییان دژی ئەو کتێبە بڵاوکردەوە. هێمن حەسیب، سەرنووسەری گۆڤارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کتێبەکە وەکو رۆمان نووسراوە، بەڵام پیاهەڵدانە بە سیاسەتی حیزبی بەعس و سەدام حوسێن".
 
هێمن حەسیب گوتیشی: "پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری کاتێک پێشانگەی کتێب دەکاتەوە مەرج دابنێت بۆ ئەو ناوەندانەی چاپ کە بەشداری دەکەن بەوەی کتێبی پیاهەڵدان بە حیزبی بەعس و سەرکردەکانی نەبەنە پێشانگەکە".
 
پێدانی مۆڵەت بە پێشانگەکانی کتێب لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتییی راگەیاندن و چاپی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستاندایە. ئەمڕۆ هەینی شیروان عەوڵڵا خورشید، بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ هەموو پێشانگەکان رێنماییمان هەیە. نابێت هیچ کتێبێک پێشانبدرێت کە دژی دەستووری عێراق و یاساکانی هەرێمی کوردستان بێت، بەپێچەوانەوە رێکاریی یاسایی دەگرینەبەر".
 
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوێنێ ئاگادارکراونەتەوە لەو کتێبە و ئەوانیش ناوەندی چاپەکەیان ئاگادارکردووەتەوە و کتێبەکەیان لە پێشانگەکە لابردووە. گوتیشی: "لابردنی کتێبەکە بەهۆی ئەوەیە کە بەگوێرەی دەستوور، حیزبی بەعس قەدەخەیە و ناکرێت هیچی بڵاوبکرێتەوە".
 
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەی گۆڤاری تۆپزاوە و رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید دا هاتووە: "کتێبێکی دیکتاتۆر و تاوانباری جینۆساید (سەدام حوسێن) نمایشکراوە بە ناوی (زبیبە و الملك)، کە لە نووسینی تاوانبارەکە خۆیەتی. ئێمە بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بە سووکایەتی بە کەسوکاری جینۆسایدکراوان دەزانین و داواش لە وەزارەتی رۆشنبیری دەکەین رێکاری پێویست دژ بە بڵاوکردنەوەی کتێبەکە بگرنەبەر".
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بۆکراوە، ئەمە جاری یەکەم نییە و ساڵی رابردووش لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، کتێبێکی سوڵتان هاشم پێشاندرا.
 
دوێنێ پێنجشەممە بە بەشداریی نزیکەی 250 خانەی چاپ و بڵاوکردنەوە لە 20 وڵات، چوارەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی کرایەوە و بڕیارە بۆ ماوەی 10 رۆژ بەردەوام بێت.