سوپای پاسداران لە سەڵماس وێنەی بایدن، ماکرۆن و سەرکردەیەکی حدکا لەنێو شار هەڵدەواسێت


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران لە سەڵماس وێنەی ئەندامێکی رێبەری حیزبی دیموکرات لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانی جیهان بڵاودەکاتەوە و بە هۆکاری خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان ناویان دەبات.
 
سوپای پاسداران لافیتەیەکی گەورەی لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری سەڵماس هەڵواسیوە و وێنەی ژمارەیەک سەرکردەی جیهان وەک جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی ئیسرائیلی لەسەرە. هەروەها وێنەی محەممەد ساڵح قادری، نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر لە وێنەکەدا دەبیندرێت. لە لافیتەکەدا بە فارسی و ئینگلیزی نووسراوە: "ئەوانە شەیتانن و دەستیان تێکەڵکردووە".
 
محەممەد ساڵح قادری خەڵکی شاری سەڵماسە و چل ساڵە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتە و چەند ساڵێکە بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکایە لە شاری هەولێر.
 
هەروەها چەند کەناڵێکی تیلیگرامی سەر بە سوپای پاسداران وێنەی نووسینگەی پەیوەندییەکانی حدکا لە هەولێریان بڵاوکردەوە و لەسەریان نووسیبوو "لە رەگی مل زیاتر لێتانەوە نزیکین".
 
ئەو لافیتە و وێنانە دوای ئەوە بڵاوکرانەوە، راگەیێندراوێک بە ناوی گەنجانی کورد و تورکی پارێزگای ورمێ بڵاوکرایەوە و تێیدا سەرکۆنەی مووشەکبارانی بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کرا و رایانگەیاند، کورد و تورک بە یەکڕیزی دەتوانن پێکەوە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران خەبات بکەن.
 
محەممەد ساڵح قادری لەبارەی ئەو هەڕەشانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەڕەشانەی رژێم سەلمێنەری كاریگەریی خەباتی حیزبی دیموكرات لە نێو خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ترسی رژێم لەو بابەتەیە". هەروەها گوتی "هەڕەشەکانی رژێم بە جیدی وەردەگرین و لایەنە ئەمنییەکانیش لێی ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام ئەم هەڕەشانە کاریگەری لەسەر کار و چالاکییەکانمان نابێت."
 
سەڵماس دەکەوێتە باکووری پارێزگای ورمێ و لەسەر سنووری باکووری کوردستان هەڵکەوتووە. لەو شارەی رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە کورد، تورکی ئازەریش نیشتەجێن.