خۆپیشاندان لە عێراق گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك دواخست

رووداو – هەولێر

بەرپرسانی پارتی دەڵێن گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ چۆڵكردنی بارەگا داگیركراوەكانیان لە كەركووك كۆتایی نەهاتووە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراق پرۆسەی وەرگرتنەوەی بارەگاكانیان لە كەركووك دواكەوتووە.
 
لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركووك، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو شارەی جێهێشت، دواتر سەرجەم بارەگاكانیان لەلایەن هێزە ئەمنی و سەربازی و میلیشیا شیعەكانەوە داگیركران.
 
وەكو هەنگاوی یەكەمی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك، مانگی رابردوو حكومەتی عێراق بڕیاری دا سەرجەم بارەگاكانی پارتی لە كەركووك كە ئێستا بە دەست سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوەن چۆڵ بكرێن. ئەمەش ناڕەزایی عەرەبەكانی كەركووكی لێكەوتەوە.
 
محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی كەركووك بە (رووداو)ی راگەیاند: "لە سەرجەم  قەزا و ناحیەكانی كەركووك بارەگامان هەیە. كۆی گشتی ئەو بارەگایانەی داگیركراون 30 بارەگا دەبن كە سێیان سەرەكین و لەلایەن حەشدی وەتەنی و حەشدی شەعبییەوە داگیركراون و تا ئێستاش رادەست نەكراونەتەوە".
 
بە گوتەی محەممەد خورشید رێككەوتن و لێكتێگەیشتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە رەوشی كەركووك هەیە و گوتی: "هیچ لەمپەرێك بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك نەماوە، تەنیا هەنگاوە كردەییەكان ماون و ئومێد دەكەین ئەوەش دەستپێبكات، چونكە بابەتی گەڕانەوەی پارتی لەگەڵ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك باسێكی جدییە".
 
یەكێك لەو بارەگایانەی پارتی كە داگیركراوە، بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك – گەرمیانە كە بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی عێراق كرابوو، دەبووایە مانگی رابردوو چۆڵ بكرێ‌، بەڵام چۆڵ نەكراوە.
 
بەرپرسی لقی 3ی پارتی دەڵێت: "وا بڕیار بوو مانگی 10ی ئەمساڵ بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی چۆڵ بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی لە بەغدا دروست بوو، كارەكە تۆزێك دواكەوت، بۆیە هیچ كاتێك دیاری نەكراوە بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، بابەتەكە پەیوەستە بەو بارودۆخەی ئێستا لە عێراق و ناوچەكە هەیە".
 
محەممەد خورشید ئاماژەی بەوەدا كە دوای ئاساییبوونەوەی رەوشی عێراق دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەستپێدەكەنەوە، یەكێك لەو پرسانەش رادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتی دەبن لە سنووری كەركووك.
 
ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی یەكێتی لە فراكسیۆنی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك بە پێویست دەزانێ و دەڵێت: "هەموو لایەك گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك بە پێویست دەزانن، تەنیا یەك كەسیش بگەڕێتەوە رۆڵی خۆی دەبینێ، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكانی بەغداوە كارەكانی لێژنەی دانوستاندن وەستاوە و هەندێك عەرەبیش خۆپیشاندانیان كرد كاتێك فەرمانی گەڕانەوەی پارتی لە بەغدا دەركرا".
 
لە ماوەی رابردوودا لێژنەیەك بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك پێكهات. شاخەوان عەبدوڵڵا كە ئەندامی پارتییە لە لێژنەكە، بە (رووداو)ی گوت: "ئێمە چاوەڕێی بەغداین بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانمان، بڕیار بوو سەرەتای مانگی 10ی 2019 بڕۆین بۆ بەغدا، دواتر وادەكە بۆ كۆتایی مانگی 10 دواخرا و نەشكرا، چونكە خۆپیشاندان لە عێراق هێشتا بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەت سەرقاڵی گۆڕانكارییە لە وەزارەتەكاندا و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەكانی زۆرن، بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئاساییبوونەوەی بارودۆخەكەین".
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك كە گەڕانەوەی پارتی بەشێك بووە لە بابەتەكە، هەنگاوی باشیان بڕیوە و تەنانەت رێككەوتنی زارەكیش كراوە، تەنیا ئەوە ماوە رێككەوتنەكە بخرێتە سەر كاغەز.