نرخی تەماتەی خۆماڵی دابەزی؛ عێراق دەروازەکانی بۆ هاوردەکردنی کردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی کرانەوەی دەروازەکانی عێراق بە رووی ئێراندا بۆ هاوردەکردنی تەماتە، نرخی تەماتەی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان دابەزی.
 
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش هاوردەکردنی تەماتە لە ئێرانەوە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق، کیلۆیەک تەماتەی هەرێمی کوردستان لە عەلوە 900 دینار بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ 600 دینار".
 
سەروەر عەلی دەڵێت: "کردنەوەی دەروازەکان بۆ هاوردەکردنی تەماتە بۆ عێراق زیانی زۆر بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بەرهەمی نێوخۆ دەگەیێنێت".
 
لە هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاوردەکردنی تەماتە بەردەوامە و بڕیارە 1ـی مانگی 11 قەدەخەی لەسەر هەڵبگیرێت.
 
لە وەرزی پێگەیشتنیدا، تەماتەی هەرێمی کوردستان جیا لە پڕکردنەوەی بازاڕی نێوخۆ، بەشێکیشی هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.