ئاسایشی سلێمانی: داعش کارمەندێکی شەهید کردین
رووداو دیجیتاڵ
لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ "چەکدارانی داعش" کارمەندێکی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی سەر بە ئاسایشی گشتیی سلێمانی لە سنووری ناحیە شوان گیانی لەدەستدا.
شەوی رابردوو شانەی راگەیاندنی ئەمنیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، بە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی F-16 ئەشکەوتێکیان لە سنووری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک بۆردوومان کردووە، کە چوار چەکداری نەناسراوی تێدا بووە.
ئەمڕۆ هەینی ئەفسەرێکی باڵای هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بۆردوومانەکە هێزێکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بۆ کێوماڵ چوونە شوێنی بۆردوومانەکە، دواتر پێکدادان دروستبووە و ئەندامێکمان شەهید بووە".
ئەو بەرپرسەی ئاسایش دەڵێت، "لایەنی بەرامبەر چەکدارانی داعش و پاشماوەکانیان بوون".
"محەممەد ژاڵەی مەملحە" ئەو کارمەندەی هێزەکانی ئاسایشە کە لە پێکدادانەکەدا گیانی لەدەستداوە و خەڵکی قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی.