سیهاد بازرانی: بۆ پاراستنی کوردستان بە خوێن بێت یان پەنجەمۆر ئامادەین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی هێزەکانی پێشمەرگە داوا لە هەموو هاونیشتمانیان و هێزە ئەمنییەکان دەکات دەنگ بدەن. "رۆژێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دەنگدان و پێدانەوەی شەرعییەت بە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان."
ئەمڕۆ هەینی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. دوای دەنگدانی، سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "رۆژێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دەنگدان و پێدانەوەی شەرعییەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان. وەکو هێزەکانی پێشمەرگە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین ئەم پڕۆسەیە ئەنجام بدەین".
هەڵبژاردنی ئەم جارە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە. فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی پێشمەرگە باسی لە سەرەتای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "کاتی خۆی لە ساڵی 1991 جەنابی سەرۆک {مەسعود بارزانی} لە کۆیە ئەم بڕیارە {بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن}ـی دا. لەبەر ئەوە ئێمە پابەندین بەو بڕیارەی جەنابی سەرۆک و بۆ پاراستی کوردستان چی بە چەک بێت یان بە پەنجەمۆر".
لە دەنگدانی تایبەتدا کە کاژێر 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ دەرگای بنکەکانی دەنگدان کرایەوە و تاوەکو 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت، 215 هەزار و 960 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە دەکاتە 7.4٪ـی کۆی دەنگدەران.
سیهاد بارزانی داوای لە هاونیشتمانیان کرد، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە دەنگی خۆیان "کوردستان رێکبخەن و حکومەت بکەنە یەک حکومەت و دووبەرکی گەندەڵی نەهێڵن و هێزەکانیش یەک بخەن".
دەنگدەرانی تایبەت بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن:
هەولێر؛ 89 هەزار و 791 دەنگدەر لە 62 بنکە دەنگ دەدەن
سلێمانی و هەڵەبجە؛ 78 هەزار و 661 دەنگدەر لە 32 بنکە دەنگ دەدەن.
دهۆک؛ 40 هەزار و 956 دەنگدەر لە 30 بنکە دەنگ دەدەن.
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 20ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی گشتیی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.