دوو چاودێر لە بنکەیەکی سلێمانی: دەنگدەران مۆبایل دەهێننە ژوورەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە کاژێر 7:00ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە باشووری کوردستان و چەند پارێزگایەکی عێراق دەستیپێکرد. چاودێرێکی هەڵبژاردن لە سلێمانی دەڵێت، "دەنگدەران مۆبایل دەهێننە ژوورەوە، ئەمە پێشێلکارییە."
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی بۆ رووماڵی دەنگدانی تایبەت چووە بنکەی قوتابخانەی شیرین کە حەوت وێستگەی هەیە و دوو هەزار دەنگدەر دەتوانن دەنگی تێدا بدەن، گوتی: "پرۆسەکە بێ گرفت دەستیپێکردووە."
لە یەکێک لە وێستەگان گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئومێد محەممەد، چاودێری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن کرد. ئومێد محەممەد گوتی: "دەنگدەر مۆبایل دەهێننە ژوورەوە و ئەمە پێشێلکارییە. هەرچەندە بەرپرسی بنکەکە دەڵێ، هێنانی مۆبایل ئاساییە و بەکارهێنانی قەدەخەیە، بەڵام ئێمە نازانین بەکاری دەهێنن یان نا؟ ئەمە پێشێلکارییە لەنێو کابینەی دەنگدان."
هاوکات لەتیف ئەحمەد، چاودێری جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە هەمان بنکە قسەی بۆ نزار جەزا کرد و گوتی: "هەموو دەنگدەران مۆبایلیان پێیە، کە دەچنە نێو کابینە نازانین بەکاری دەهێنن یان نا، ئێمە کێشەکەمان گەیاندووەتە کۆمیسیۆن و وا بڕوات سکاڵا تۆمار دەکەین."
لە سلێمانی 32 بنکەی دەنگدانی تایبەت هەن و 78 هەزار و 661 کەس لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە کە دەکاتە 7.2٪ی دەنگدەرانی بازنەی سلێمانی.