بەڤیدیۆ؛ بەرپرسێکى کەرکووک 'لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا' دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکى وەقفى سوننەى کەرکووک لەکاتى وەرگرتنى هەزار دۆلار بەرتیل، دەستگیر دەکرێت و ڤیدیۆی کاتى دەستگیرکردنى لەلایەن دەستەى دەستپاکییەوە بڵاوکراوەتەوە.
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئەمڕۆ (18ـی تشرینى یەکەمى 2023) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، نووسینگەى لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە کەرکووک، بەڕێوەبەرى هۆبەى ئەندازیاری و وەبەرهێنان لە دەستەى کارگێڕیى وەبەرهێنانى پارەى وەقفى سوننەی کەرکووکی لەکاتى وەرگرتنى بەرتیل دەستگیرکردووە.
دەستەکە، ڤیدیۆیەکى بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ساتى دەستگیرکردنى ئەو بەرپرسەیە و پارەى بەرتیلەکە لە گیرفانى دەردەهێنن.
دەستەى دەستپاکى ئاشکرایکردووە، دەستگیرکردنى ئەو کەسە لەدواى ئەوە بووە، کەسێک سکاڵاى کردووە، بەوەى لەلایەن بەرپرسەکەوە رووبەڕووى گوشار بووەتەوە لەبەرامبەر ئاسانکاری بۆى، پارە بدات.
دەستەی دەستپاکی، ئەو بەرپرسەی وەقفی سوننە لە کەرکووک بەوە تۆمەتبار کردووە، بڕى هەزار دۆلارى وەرگرتووە بۆ ئەوەى نەخشەى پڕۆژەیەک بەڕێ بکات.
بەرپرسەکە بەگوێرەى مادەى 307 لە یاسای سزادانى عێراقى دەستگیرکراوە، کە تایبەتە بە تاوانى بەرتیلوەرگرتن و سزاکەی بەندکردنە بەو مەرجەى، لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.