سەرۆک بارزانی و ژان ئیف لودریان کۆبوونەوە
رووداو- هەولێر
دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی نێوان ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە.
کاژێر 8:00ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هەینی رێککەوتی 18-10-2019 ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەلایەن مەسروور بارزانییەوە پێشوازی لێکرا، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەش وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە ئۆفیسەکەی سەرۆک بارزانی لە پیرمام و لەوێ کۆبوونەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەش تاوتوێی پەیوەندییە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و دۆخی رۆژئاوای کوردستان و هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بکرێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا سەردانی هەولێری کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
دواتر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەدوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نیگەرانی لە دۆخی مرۆیی و ئەگەری ئاوارەبوونی خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، پێشهاتەکان مەترسی جیدی لەسەر سەرهەڵدانەوەی داعش دروستدەکەن، ئەوەش هەڕەشەیەکی راستەقینەی جیدییە.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها باسی رۆڵی فەرەنسا و ماکرۆنی کرد لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا کە دوای گشتپرسی کوردستان گەمارۆ درابوو و رایگەیاند: "بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دووبارە بەخێرهاتنی جەنابی وەزیر دەکەین و سوپاس و پێزانینمان بۆ فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپاتدەکەینەوە کە لە رۆژە سەختەکاندا پشتگیری و هاوکاریی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کرد و رۆڵێکی گەورەی لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بینی و رۆڵێکی گەورەیان بینی لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە شەڕی داعشدا. ئێستاش هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەولێر و بۆ عێراق نیشانەیەکی پشتگیرییە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق و بۆ هەموو ناوچەکە".