ئاسۆ مامەند: یەکێتی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک دادەنێت
رووداو - سلێمانی
ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتی رایگەیاند، هێزە عێراقییەکان پێیانگوتوون سبەی ئەنجوومەنی پارێزگا کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی یەکێتی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک دابنێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی، ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، شەوی رابردوو لە کەرکووک بووە و ئێستاش دەچێتەوە کەرکووک، دۆخی شارەکە ئاساییە و هەموو خەڵک گەڕاونەتەوە.
ئاسۆ مامەند ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە سبەی هێزە چەکدارەکان لە شارەکە بکشێنەوە، دواتریش هەوڵدەدەن بە زووترین کات پارێزگارێکی نوێ دابنێن چونکە ئەو پۆستە پشکی یەکێتییە.
ئاسۆ مامەند راشیگەیاند "مەکتەبی سیاسی منیان راسپار بۆ ئەوەی بە بەغدا بڵێین دەبێ پۆلیس کۆنترۆڵی کەرکووک بکات، هەروەها بە نوێنەری عەبادیمان گوت دەبێ حەشدی شەعبی بکشێتەوە
لەبارەی پێشێلکاری دژی هاونیشتمانیان لە کەرکووک، ئاسۆ مامەند گوتی "ئەو حاڵەتانە روویداوە، هەندێ دز و جەردەی حەشدی شەعبی دەچنە سەر ماڵە کوردەکان بەڵام دۆخەکە ئارامە و خەڵک گەڕاونەتەوە، دڵنیاییش دراوە لە پاراستنی خەڵک".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە کەرکووک، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسییە، باسی لە شەڕی کەرکووک کرد و رایگەیاند "پێش ریفراندۆم رایانگەیاندووە ئەگەر گشتپرسی بکرێ مەترسی لەسەر کەرکووک هەیە. دواتریش کە هێرش کرایە سەر کەرکووک، شەڕێکی قورس کرا، بەڵام هێزەکان نابەرامبەر بوون و باشترین چارەسەر ئەوە بوو کە پاشەکشە بکەین، چونکە پاشەکشەمان نەکردایە چەندین هەزار پێشمەرگە شەهید دەبوون".