دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ 'زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت'
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دابەشكردنی نەوتی سپی دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ لە سلێمانی و رۆژانی داهاتووش لە هەڵەبجەش دەستپێدەکات.
دوای ئەوەی 05-09-2024 وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکارییان بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێکردووە و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنەکە دەکرێت؛ بەرپرسێکی وەزارەتەکە دەڵێت، ئەم ساڵ دابەشکردنەکە "زۆر بە خێرایی" بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی ئەیلوولی 2024، بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ دابەشکردنی نەوتی سپی لە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەستپێدەکات.
لەنێو شاری سلێمانی دابەشکردنی نەوت دەستی پێنەکردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوای ناوچە شاخاوییەکان، لە دەوروبەری سەنتەری پارێزگاکان نەوت دابەش دەکرێت، پاشان دەگاتە نێو شارەکان.
لە دهۆک دابەشکردنی نەوت دەستیپێکردووە
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 12ـی ئەم مانگەوە دابەشكردنی نەوت لە سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکەمان دەستیپێکردووە و بەردەوامە".
تاوەکو ئەمڕۆ نەوت لە پارێزگای دهۆک لە ناوچەکانی کانی ماسێ، بێگۆڤا و باتیفا دابەشکراوە و لە چەند ناوچەیەکی دیکەش دابەشکردن بەردەوامە.
دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرمیلی 100 هەزار دینارە و 3 هەزار بۆ کرێ و هەزار دیناریشی بۆ کارتی زیرەک دەچێتەسەر و بە 104 هەزار دینار دەگاتە هاونیشتمانیان.
لە هەولێر دابەشکردن دەستیپێکردووە و لە هەڵەبجەش دەستپێدەکات
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکەمان دابەشکردنی نەوت دەستیپێکردووە و پێش وەرزی زستان دەگاتە نێو شاری هەولێریش".
هاوکات بەرپرسێک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، دوو رۆژە دابەشکردنی نەوتی سپی لە قەزای سیدەکان دەستیپێکردووە و دابەشکردن بەردەوامە.
هەر ئەمڕۆ شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سنووری پارێزگاکە ئامادەکاری کراوە و "لەم رۆژانەدا" لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دەستپێدەکات.
لەبارەی کاتی دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شارەکان، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئەم ساڵ جیاواز لە ساڵی رابردوو، پڕۆسەکە زۆر بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و هەوڵ دەدرێت بە زووترین کات بگاتە هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان".
ساڵی رابردوو بەهەمان شێواز و نرخ، نەوتی سپی درایە هاونیشتمانیان لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ساڵی رابردوو دابەشکردنی نەوت تاوەکو 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بەردەوام بووە، لەو ماوەیەدا لە هەولێر 153 هەزار و 422 خێزان، دهۆک 77 هەزار و 899 خێزان، لە سلێمانی و هەڵەبجەش 120 هەزار و 200 خێزان بەشە نەوتیان وەرگرت.