ساڵێک و شەش مانگە زیادکردنی منداڵ بۆ فۆرمی دابەشکردنی خۆراک راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ساڵێک و شەش مانگە زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک، هەروەها گواستنەوەی فۆرمەکەش، راگیراوە. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر دەڵێت، بۆ کردنەوەی رێکارەکان چاوەڕوانی بەغدان.
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 5 ملیۆن هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن، بەڵام زیاتر لە ساڵ و نیوێکە ناوی ئەو منداڵانە زیاد ناکرێت کە تازە لەدایکبوون و هیچ بەشەخۆراکێکیان بۆ دابین ناکرێت.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت، "بەڕێوەبەرایەتییەکی جیا هەیە بۆ تۆماری ناوی نوێ، بەڵام ئەوەی ئێمە ئاگادارین بە هۆکاری نوێکردنەوەی سیستمە و پێدەچێت تاوەکو سەری ساڵ وەکو ئێستا بمێنێتەوە."
هاوکات سیامەند قادر نانەكەلی، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە یەک ساڵ و نیوی رابردوودا دوو جار بە شێوەی کاتی تۆمارکردن کراوەتەوە و دواتر داخراوە؛ ئێستاش داخراوە."
هۆکارەکە چییە؟
بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر دەڵێت، لە بەغداوە ئاگادار کراونەتەوە کە سیستمەکە بۆ ساڵی 1996 دەگەڕێتەوە و دەیکەنە ئەلیکترۆنی.
سیامەند نانەکەلی گوتیشی، "ئێستا ناوی منداڵ زیاد ناکرێت و گواستنەوەی فۆرمیش راگیراوە؛ ئەوەی هەیە لابردنی ناوی مردووە، ئەویش دەکرێتە لیست و دەنێردرێت بۆ بەغدا و لەوێ ناوەکە لادەبەن." گوتیشی، "بابەتەکە تەنیا هەولێر نییە و لە سلێمانی و دهۆکێش هاوشێوەیە و فەرمانەکانیش لە بەغداوە دەردەچن."
بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بە شێوەیەک بێت، هاونیشتمانی لە رێگەی بەڵگەنامەکانەوە لە ماڵی خۆیەوە ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک زیاد بکات یان مردوو بسڕێتەوە.
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمەکە و کردنەوەی تۆماری ناوی منداڵ، سیامەند نانەکەلی گوتی، "لە بەغداوە جێبەجێ دەکرێت؛ سەرەتا گوتیان مانگی تەممووز، دواتر ئەیلوول و ئێستاش نادیارە. پێدەچێت بکەوێت ساڵی داهاتوو."
بریکارێکی دابەشکردنی خۆراک: 10 ساڵە شیر بۆ منداڵ نەهاتووە
بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر کەسێک ئەمانەیە؛ 3 کیلۆ برنج، 9 کیلۆ ئارد، کیلۆیەک شەکر، لیترێک رۆنی شل و کیلۆیەک نیسک یان جۆرێکی دیکەی پاقلەمەنی.
چەند ساڵێک لەمەوبەر وەک بەشەخۆراکی منداڵ شیر دەدرا و ئێستا نەماوە. کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ماوەیەکی زۆرە شیر دابەش ناکرێت و لە بەغداوە رەوانەی هیچ پارێزگایەک نەکراوە."
هاوکات غازی قادر، بریکاری دابەشکاری خۆراک لە هەولێر بە رووداوی گوت، "10 ساڵیش دەبێت شیر بۆ منداڵ نەهاتووە. منداڵیش کە تۆمار دەکرێت پێش یەک ساڵی هیچ بەشێکی خۆراکی نییە و دوای یەک ساڵی وەک کەسێکی گەورە بەشەخۆراکی بۆ تەرخان دەکرێت."
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.