هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستان لە گەڕەکێکی شاری هەولێر کوژرا

رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی راپەڕینی شاری هەولێر هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستان کوژرا. هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە بارەی رووداوەکە. شایەتحاڵێکیش دەڵێت، کوژراوەکە ناوی دەنیزە و تەمەنی نزیک 40 ساڵ دەبێت.
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023 لە گەڕەکی راپەڕینی شاری هەولێر هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستان لە ماڵەکەیدا بە پێنج گوللە کوژراوە. ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانیش بە رووداوی راگەیاند، کوژراوەکە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی باکووری کوردستانە.
 
بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە بۆ رووداو قسەیان کردووە و دەڵێن چەند خولەکێک پێش کاژێر 02:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ کەسێک بە پیادە لە کۆڵانی ژمارە 97ـی گەڕەکی راپەڕین چووەتە سەر ماڵی کوژراوەکە و دەرگاکەی کردووەتەوە و بە دەمانچە پێنج گولـلەی لە سەریداوە و رایکردووە.
 
هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر لە گەڕەکەکە بڵاوبوونەتەوە و هاردی کامێرای چاودێری گەڕەک و کۆڵانەکانی دەوروبەری ماڵەکەیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگەیانەوە بکوژەکە دەستنیشان بکەن، ئەندامی یەک لەو هێزە ئەمنییانەی هاتبوونە شوێنی رووداوەکە، راگەیاند؛ کوژراوەکە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی باکووری کوردستان بووە.
 
تائێستا ناسنامەی کوژراوەکە بەتەواوەتی دیار نییە و شایەتحاڵ و خەڵکی گەڕەکەکە دەڵێن خێزاندارە و منداڵی نییە، هاووڵاتییەک بەناوی رابەر کە دووکانی لەو گەڕەکە هەیە، بە رووداوی گوت؛ "کوژراوەکە زیاتر لە ساڵێک بوو کڕیارمان بوو، تەمەنی نزیکەی 40 ساڵ دەبوو و ناوی دەنیز بوو".
 
دوای پشکنینی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی رووداوەکە، تەرمی کوژراوەکە لە رێگەی ئەمبۆلانسێکەوە گوازرایەوە دادپزیشکیی هەولێر.