وەزارەتی کارەبا: چاکسازی لە خورمەڵە دەکرێت و بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، رۆژی دووشەممە، 19-9-2022 لە کاژێر 06:00ـی بەیانی تاوەکو 06:00ـی ئێوارە بەهۆی لیکی غازەوە چاکسازی لە کێڵگەی خورمەڵە دەکرێت و بەهۆیەوە "بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە."
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی یەکشەممە، 18-9-2022 بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بەهۆی ئەو پرۆسەی چاکسازییەوە، "گواستنەوەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بڕی 90 ملیۆن پێ سێجا کەم دەکات و بڕی بەرهەمهێنانی کارەباش بۆ 250 مێگاوات کەم دەبێتەوە."
هەردوو وەزارەتی كارەبا و سامانە سرووشتییەكان بە هاوبەشی پرۆسەکە جێبەجێ دەکەن، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "هەوڵ دەدرێت لە کەمترین ماوەدا، دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە."
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانییان کەم دەبێتەوە، بەڵام بە دیاریکراوی نازانن چەند کاژێر دەبێت.