ترەمپ دەڵێت ڤاکسینی کۆرۆنا زووتر دابەشدەکەن و بایدن دەڵێت 'درۆ دەکات'
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا بە باوەڕبەخۆبوونەوە دەڵێت، ڤاکسین لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە ئەمریکا دابەشدەکرێت، ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئامادەکاریدان بۆ گەیاندن و دابەشکردنی ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی سەلامەت و کاریگەر.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "پێموایە لە مانگی ئۆکتۆبەردا [ڤاکسین] دابەشی دەکەین، ئێمە دەتوانین لەو کاتەدا دەستپێبکەین، بەڵکو کەمێک زووتریش لەوەی رامانگەیاند. لە نیوەی مانگی ئۆکتۆبەرەوە دابەشدەکرێت، یان لەوانەیە کەمێک درەنگتر، بەڵام دەمانەوێت زوو دەستپێبکەین؛ لەگەڵ تەواوبوونی تاقیکردەوەدا دابەشی دەکەین".
ترەمپ، دوای تەواوبوونی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەی ڤاکسینی ئەمریکی مۆدێرنا، دەیەوێت زوو بەسەر ئەمریکییەکاندا دابەشی بکات، چاوەڕێی پەسندانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ناکات؛ بەڵام جۆ بایدن هەر زوو وەڵامی ترەمپی رکابەری دایەوە و گوتی، "ترەمپ لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا درۆ دەکات".
کۆمپانیای مۆدێرنا کە خەریکی دروستکردنی ڤاکسینە، لە قۆناخی کۆتایی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنادایە، رۆژی پێنجشەممە هەندێک زانیاریی لەبارەی تاقیکردنەوە پزیشکییەکانی بۆ یەکەمجار بڵاوکردەوە و بەپێی راپۆرتەکەی ئەو کۆمپانیا دەکرێت ڤاکسینەکە لە کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو بەردەستبێت.
هاوکات کۆمپانیای فایزەریش بەهەمان شێوە هەندێک لە زانیارییەکانی تایبەت بە تاقیکردنەوەکانی بڵاوکردەوە، بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان دوای ئەوە دێت کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەمریکا گومانی ئەوەیان لا دروستبووبوو کە ترەمپ لەبەر هەڵبژاردن کۆمپانیاکان ناچاربکات ڤاکسینێک بڵاوبکەنەوە کە دەکرێت سەلامەت نەبێت.
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا رایگەیاند "بە ئیدارەکەی خۆیەوە [ترەمپ]، ئەو بەردەوامە لە درۆکردن سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەو هەڵە کارەساتبارەکانی دووبارە دەکاتەوە، لەوانەیە هەڵەی ئەمجارەی گەورەترین هەڵە بێت. ئەو هیچ پلانێکی نییە بۆ رزگارکردنی خەڵک لەم قەیرانە".
بەهۆی کێبڕکێی بایدن و ترەمپەوە، ئێستا پرسی دابەشکردنی ڤاکسین لە ئەمریکا بووەتە پرسێکی دیاری هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و لەپاڵ پرسەکانی وەکو گۆڕانی کەشوهەوا، رەگەزپەرستی و پرسە ئابوورییەکاندا بەکاریدەهێنن.
بەشێک لە میدیا ئەمریکییەکان دەڵێن دەستوەردانی ترەمپ لە بابەتە زانستییەکان و پەلەکردن لە دابەشکردنی ڤاکسین لەپێناو مانەوەیەتی لە کۆشکی سپی، ئەگینا ئەو هیچ پسپۆڕییەکی پزیشکیی نییە و گوێ لە راوێژی لایەنە پزیشکییەکانی ئەمریکا ناگرێت.
بەرپرسانی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان دەڵێن، دابەشکردنی ڤاکسین و ئاساییبوونەوەی ژیان لە ئەمریکا تاوەکو پایزی ساڵی داهاتوو دەخایەنێت.